کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی دوایین دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئامریکا

11:56 - 27 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لە وڵاتی ئامریکادا وێڕای سەردانی بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە لەگەڵ چەندین کەسایەتی و میدیای ئامریکاییشدا هەڤپەیڤینی هەبوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەڕێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزب سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکای کرد و لەگەڵ دوو ئیدارەی جیاوازی ئەم وەزارەتخانەیە کە بریتی بوون لە "ئۆفیسی ئێران" و "بەشی مافی مرۆڤ و دێموکراسی" کۆبوویەوە و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و داهاتوی ئێران و ئەو ڕۆڵەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە داهاتوودا دەیگێڕێ، خرانە بەر باس.

بەپێی ئەم هەواڵە خاڵی جێگەی سرنج لەم دانیشتنانەدا ئەوە بوو کە بەپێچەوانەی دانیشتنەکانی پێشووتر کە زیاتر گرینگی بە لایەنی مافی مرۆیی دەدرا، ئەمجارەیان چەقی باسەکان بریتی بوون لە کۆمەڵێک پرسی سیاسی گرینگ و شوێندانەر لە سەر ئێران و ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لەسەر داهاتووی ئێران.

لەم دانیشتنانەدا لایەنی ئامریکایی زۆر بە وردی پرسیاری بارودۆخی کوردستانی ئێرانیان لە لێپرسراوی گشتیی حیزب کرد؛ هەروەها وەفدە ئامریکاییەکان خوازیاری بیستن و بینینی ویست و داواکارییەکانی گەلی کورد بوون کە لەلایەن کاک مستەفا هیجرییەوە بە وردی وڵامیان درایەوە.

پیویستە بگوترێت ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەنیا لایەنی سیاسی کوردستان بووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ئامادە بووە لەگەڵیدا دابنیشێ، بەڵام لێپرسراوی گشتیی حیزب وێڕای ئاماژە بە بوونی پلۆرالیزم و فرەحیزبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای لە لایەنی ئامریکایی کردووە کە لەگەڵ کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن کۆمەڵێک داواکاریی ڕەوا بە بوونی چەندین حیزب و لایەنی سیاسی جیاواز مامەڵە بکرێت و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک خۆیان بگیردرێنە بەر چاو.

ڕۆژی دواتر واتە شەممە ٢٦ی جۆزەردان بەرێز مستەفا هیجری لەگەڵ دەزگای بلومبێرگ و ناوەندیی وێڵسۆن کۆبوویەوە؛ بەڕێزیان لە دانیشتن لەگەڵ دەزگای بلۆمبێرگدا بەوردی وڵامی هەواڵنێری بلۆمبێرگی دایەوە و ئامانج لە سەفەرکەی بۆ ئامریکا و دۆخی ناوچە و ئێران و کوردستانی بۆ شی کردنەوە.

لە دانیشتن لەگەڵ ویڵسۆن سەنتەریشدا ناوبراو لەگەڵ کۆمەڵێک لە لێکۆڵەرانی ئەم ناوەندە، ئەم باس و بابەتانەی شڕۆڤە کرد: ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مێژووی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان.

لەم چاوپێکەوتنەدا لێپرسراوی گشتی باسی لەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەیکە لە ڕابردوودا تەنیا شاخەکانی کوردستان دۆستی کورد بوون بەڵام ئێمە وەک کورد سەلماندوومانە کە کوردەکان تەنیا خۆیان پشت و پەنای خۆیانن؛ بۆوێنە کاتێک لە بەشێکی کوردستاندا کارەساتێک ڕووی داوە گەلەکەمان تەنیا شوێنێک کە پەنایان بۆ بردووە باوەشی خوشک و براکانیان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بووە؛ ئەم ڕاستییەش چەندین جار لە مێژوودا دووپات بووەتەوە و ئێمە هیچ کات یەکترمان بەجێ نەهێشتووە.