کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مەیدانی لەسەر شاری ورمێ

12:42 - 18 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دۆخی ژیان لە شاری ورمێ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەستەمتر دەبێت و هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ گۆڕینی دێموگرافیای ئەم شارە و هەروەها زیادکردنی ڕێژەی سیخوڕەکانی لەم ناوچە چڕتر بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی مەیدانی کە لە شاری ورمێ ئەنجام دراوە، ڕێژیم جیا لە هەڵاواردنی ئاشکرای نەتەوەیی و دینی بە زاڵ کردنی کەشی پۆلیسی بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان و هەروەها بوونی گەندەڵی ئیداری لەڕادەبەدەر دۆخی ژیانی لە شاری ورمێ و دەوروبەری بۆ نەتەوەی کورد لەم ناوچەیە گەلێک سەخت کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بڵاوکردنەوەی ئازادانەی ماددە سڕکەرەکان بەتایبەت ڕەوانگەردانە سەنعەتییەکان لەنێو خوێندکاران و قوتابییان بووەتە هۆی نیگەرانییەکی گشتیی لە نێو ئەم شارەدا؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زاڵ‌کردنی کەشی پۆلیسی بەسەر زانکۆ و قوتابخانەکاندا و هەوڵی ئۆرگانە بەدناوەکانی وەک بەسیج بۆ هاندانی لاوان بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری سیخوڕی.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەشداربووان دەسبەسەر کران، کە هێشتا بەشێکیان لە گرتنگەکاندان، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەیکە ئەوان ئامادە نەبوون هاوکاری ڕێژیم و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بکەن.

بەوتەی ناوبراو پاش چوونەدەری تاکلایەنەی ئامریکا لە بەرجام، بارودۆخی ئابووریی هاوشێوەی شارەکانی دیکەی ئێران بەرەو دواوە کشاوەتەوە و گرانی، هەڵاوسان، بێکاری و داتەپینی بازاڕی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لەلایەکی دیکەشەوە دۆخی دەریاچەی ورمێ کە هەنووکە بە گرینگترین قەیرانی ژینگەیی ئێران دەژمێردرێ وەک خۆی ماوەتەوە و ڕێژیم نەتەنیا لەهەمبەر چارەنووسی، خۆی بە بەرپرسیار نازانێت بەڵکوو لە پارێزگاکانی وەک تەورێز بۆ فێنک‌کردنەوەی کارخانە دەوڵەتییەکان لەو کەمە ئاوەی کە دەڕژێتە نێو دەریاچەکەوە کەڵک وەردەگرێ و بە دزینی ئاوی ناوچە کوردنشینەکانی وەک سۆمای‌برادۆست و شپیران ناوچە کشتوکاڵییەکانی قەرەباخ و نەجەف‌ئاوا لە دەوروبەری شاری تسوج تێرئاو دەکات.

دامەزراندنی ئاغازادەکان، حقوقە نجوومییەکان، گەندەڵی ئیداری بەتایبەت لە شارەداری ورمێ، پەرەسەندنی دیاردەکانی وەک سواڵ، لەشفرۆشی، منداڵانی کار بەشێکی دیکە لەو کێشەگەلەن کە ڕۆژانە دەبیندرێن.

هەروەک لە ڕابردووشدا بیندراوە ڕێژیم بەمەبەستی گۆڕینی دێموگرافیای ناوچەکە و هەوڵی ئاسمیلەکردنی ناوچە، هەنووکەش بەردەوامە لە گۆڕینی ناوی شەقام و شارەکە کوردنشینەکان بۆ تورکی و بەردەوام دنەی هاووڵاتییانی ئازەری دەدات بۆ ساز کردنی ئاژاوە و دووبەرەکی.

بەوتەی ئەم هەواڵنێرەی کوردستان میدیا، "ڕاسان" و جووڵەی نوێی حیزبی دێموکرات خەڵکی هیوادار کردووە و سەرباری هەموو نەهامەتییەکان کە بەسەریاندا سەپاون لە کۆڕە شەخسییەکاندا باس لە پشتگیری و پشتیوانی لە پێشمەرگەکانی حیزب دەکەن.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشیدا هەواڵنێری کوردستان میدیا نووسیویەتی: ڕێژیم لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە لەڕێگەی مۆرەکانییەوە بەتایبەت خۆفرۆشەکانەوە سیستمی ئەرباب رەعیەتی زیندوو بکاتەوە و هەوڵ بۆ بەهێزکردنی سیستمی عەشیرەگەری دەدات و بەچەکدارکردنی هەندێک کەسی نەفس‌نزم (کە ناویان لای ئێمە پارێزراوە) هەوڵی دزەی زیاتر لەو ناوچەیە دەدات.