کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی شازدەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

00:26 - 13 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوون و کۆتایی هاتنی شازدەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراو:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوونی شازدەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی


کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پازدەهەمی حیزب شازدەهەمین پلینۆمی خۆی بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و جێگرانی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزب لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە برد.

پلینۆم کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٩ی ئاوریلی ٢٠١٧ی زایینی بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

لە سەرەتای کارەکانی پلینۆمدا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات مستەفا هیجری باسێکی لە پێوەندی لەگەڵ دەستووری کاری پلینۆم کە پێشتر بە ئاگاداریی بەشدارانی پلینۆم گەیشتبوو پێشکەش کرد و پاش پەسندکردنی دەستووری کاری پلینۆم خاڵەکانی جێگرتوو لە دەستووری کاردا کەوتنە بەرباس و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا.

بڕگەی یەکەمی بابەتەکانی پلینۆم باس لەسەر گەڵاڵەیەک بوو کە بەڕێز سکرتێری گشتی سەبارەت بە پێویستیی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی حیزبدا کە پێشتر بۆ ئەندامانی ڕێبەری حیزب ناردرا بوو، تەرخان کرا و لەو بارەوە زۆربەی هەرە زۆری بەشدارانی پلینۆم وێڕای پێداگری لەسەر پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی حیزبدا، ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕی و پاش ڕاوبۆچوونی بەشداران و کۆبەندی باسەکان، بە پێویست زانرا کە بۆ ڕاوێژی زیاتر لەو پێناوەدا ڕاوبۆچوونی دڵسۆزان، بە تایبەت ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر گۆڕینی پێکهاتەی حیزب و، هەر گەڵاڵەیەکی دیکە کە لەو پێوەندییەدا بێتە ئاراوە وەربگیرێ و هەیئەتێک کە لە چەند ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پێکهاتووە، پاش تاوتووێ کردنی ڕاوبۆچوون و پێشنیار و گەڵاڵەکانی گەیشتوو، لە ماوەیەکی دیاریکراودا گەڵاڵەیەک بۆ ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی حیزب بە مەبەستی پێشکەش کردن بە کۆنگرەی شانزدەهەمی حیزب بە پەسندی کۆمیتەی ناوەندی بگەیەنێ.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری پلینۆمدا بەرپرسی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە ڕاپۆرتێکی لەسەر کاروباری پێوەندیدار بە کۆنگرەی ١٦ی حیزب بە تایبەت چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکان و ئاکامی هەر کۆنفرانسێک پێشکەش بە بەشدارانی پلینۆم کرد و ڕێبەرایەتی حیزبی لە چەندوچۆنی بە ئەنجام گەیشتنی کارەکانی کۆنگرە ئاگادار کرد، پلینۆم دوای قامک دانان لەسەر هێندێک کەم و کووڕی لەو پێوەندییەدا، ڕاپۆرتی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی پەسند کرد.

بابەتێکی دیکەی دەستووری کاری پلینۆم بریتی بوو لە هەڵوێستی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، کە بە پێی ئەو بڕیارە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێنج حیزب و لایەنی سیاسیی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات پاش هەڵسەنگاندن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بە سەرنجدان بە بێ‌کەڵک بوونی ئەو هەڵبژاردنانە بایکۆتیان کرد بوو.

بەشدارانی پلینۆم بە ئاماژەکردن بەو ڕاستییە کە ئەم شانۆگەرییانە بە ناوی هەڵبژاردن، لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەیەک ڕێک دەخرێن کە بەربژێرەکانی دڵخوازی ڕێژیم لە سندووقەکانی دەنگدان سەر بێننە دەر و، لە کردەوەدا دەبنە نوێنەری ڕێژیم و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی ڕێژیمدا هەنگاو دەنێن، بایکووت کردنی هەڵبژاردنەکانی لەلایەن ئەو شەش حیزب و لایەنە کوردییەی دژبەری ڕێژیمیان پەسند کرد.

بڕگەیەکی دیکەی کاری پلینۆم باس لەسەر ڕاسان و پێویستیی درێژەدانی ئەم شێوە لە خەباتی شاخ و شار بوو. بەشدارانی پلینۆم بە خستنەڕووی گرینگیی ڕاسان و هیوابەخشین بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بردنە سەری ورە و ئۆگریی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر تیشکی ڕاسان، بەردەوامی و درێژەدانی ئەم شێوە لە خەباتە و بەرینترکردنەوەی بە پێویست و بە ئەرکێکی هەرە گرینگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دانا، بۆ ئەو مەبەستە بە لێکدانەوەی هەمە لایەنەی ئەو بابەتە، لەسەر کۆمەڵێک بەرنامە و ڕێکاری تایبەت بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی ڕاسان ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا و ڕاسپاردە بە ئورگانە پێوەنیدارەکانی حیزب درا.

پلینۆم بە لەبەرچاوگرتنی گرینگیی ڕاسان و سەرنجدان بەو ڕێکار و بەرنامانەی کە پلینۆم لەو پێوەندییەدا دەست نیشانی کردن، بڕیاری دا کە پێکهێنانی کۆنگرەی ١٦ی حیزب لە پێناو جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی پێوەندیدار بە ڕاسان، بۆ ماوەیەک وەدوا بخا.

دوایین بڕگەی کاری پلینۆم تاوتوێ کردنی ڕاپۆرتی هەیئەتەکانی حیزب بوو کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ پێکهێنانی هاودەنگی و لێک نزیک بوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ ئەو حیزب و لایەنانە لە کۆبوونەوە و ڕاوێژدا بوون. پلینۆم وێڕای هەڵسەنگاندنی ئاکامی هەر دانیشتنێک، درێژەی ئەم هەوڵانەی لە پێناو هاودەنگی بە پێویست زانی و لەو بارەوە ڕاسپاردەی خۆی بە دەفتەری سیاسی دا.

شانزدەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی پاش سێ ڕۆژ کار و باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕا کاتژمێر ١ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ١ی مەی ٢٠١٧ی زایینی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢ی مەی ٢٠١٧ی زایینی