کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

16:14 - 20 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بۆنەی پێناسەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لۆگۆی تایبەت بەو هێزەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی کوردستان

ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی ڕێگای سەربەستیی نیشتمان

وەک ئاگادارن دوای تێپەڕینی چوار دەیە بە سەر دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا، دەبینین قەڵاچۆکردنی سیستماتیکی گەلی کورد لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە هەموو ڕەهەندەکانی خۆیەوە هەروەها بەردەوامە، هەر بۆیە خەڵک و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچار بوون بە هەموو شێواژێکی خەباتی ڕەوا، بە بەرگری چەکداریشەوە، لە بەرامبەر ئەم ڕێژیمە داگیرکەرەدا، بەرگری لە گەل و نیشتمان بکەن.

لە پێناو وڵامدانەوە بە پێویستیی جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغی ڕاساندا "هێزی پێشمەرگەی کوردستان " وەک پێویستییەک بە پشتبەستن بە میراتی پڕ لە سەروەریی کۆماری کوردستان، لە پێناو لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شار، وەک باسکی بەهێزی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، بەمەبەستی حووزوری بەردەوام لە نێو خەڵک لە کوردستان و پشتیوانی کردن لە خەباتی مافویستانە و جەماوەریی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە ڕێژیمی ئێران، ئەرکی نیشتمانی خۆی بەڕێوەدەبات. هێزێک کە وەک قەڵایەک لەشکان نەهاتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و سەرکوت لە کوردستان خۆی تەیار دەکات و پشتیوانی و پاڵپشتیی خەباتی کۆمەڵگای کوردستان بۆ ڕزگاری نیشتمان و هەروەها بەگژداچوونەوەی داگیرکەر و دەستوپێوەندییەکانی لە کوردستان، لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم هێزە دەبێ.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک نوێنەری ئیرادە و یەکێک لە ڕەهەندەکانی بەرگری ڕەوای خەڵکی کوردستان دێتە مەیدانەوە تاکوو هاوشانی خەڵکی کوردستان بەرەنگاری دوژمنانی گەل ببێتەوە و هەروەها ئەم پەیامەش بە داگیرکەر بگەیەنێ کە ئێمە هێزێکین کە بە توانای کچان و کوڕانی فیداکار و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پارێزڤانی لە کەرامەت و مانی ئەمڕۆی گەلەکەمان و داهاتووی خەڵکی کوردستان دەکەین. هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناونیشانێکە بۆ نەوەی نوێی خەبات کە دەیەوێ گیانێکی تازە ببەخشێتە خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەبەر ئەمەش لە درێژەی خەباتی نەتەوەکەماندا نەوەیەکی نوێ سەری هەڵداوە کە دەیەوێ بەگژ دامودەزگای دیکتاتۆری و داگیرکەریدا بچێتەوە، شەرعییەتی ئەم بە گژداچوونەوەیەشی وەک هەمیشە لە "مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان" و بەرگری و خوڕاگریی ڕەواوە وەردەگرێت.

لێرەوە ڕادەگەیەنین کە  لۆگۆ و هێمای " هێزی پێشمەرگەی کوردستان" لەم شتانە پێک هاتووە:

- قەڵخانێک کە ڕەمزی هێزی چەکدار و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ بەرگرییە،

- هەڵۆ بە واتای هێمای هێزی پێشمەرگە بۆ فیداکاری و ژیانی سەربەرزانەیە،

- ئارمی کۆماری کوردستانیش بە واتای دروستبوونی ئەم هێزی پێشمەرگەیە وەک میراتگری کۆماری کوردستان و ئامانجە نەتەوەییەکانیەتی و بۆ ئەم ڕەواییەتە مێژووییەیە کە بۆ ڕزگاری نیشتمان و سەروەری نەتەوەیی تێدەکۆشێ

ڕەنگەکانی لۆگۆی پێشمەرگە هەر کامەیان دەربڕی بوارێک لە خەبات و تێکۆشانن:

 ڕەنگی سوورهێمای شۆڕشگێری و فیداكاری ڕۆلەكانی نەتەوەی كورد بەرامبەر بە هێزی داگیركار و هەروەها خۆشەویستیان بۆ نیشتمانەوە دێت

ڕەنگی زەرد یان زێڕی،هێمای ڕووناكیدەری هێزی پێشمەرگە و ناوبانگی لێهاتوویی و سەقامگیری و خۆشەویستی ئەوان بۆ بەرگری لە خەڵكی كوردستانە.

ڕەنگی زەیتوونی قاوەیی بە واتای ئاشتیخوازی هێزی پێشمەرگە لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلی كورد و هاوكات ڕەمزی هێز و توانای چەكدارییە بۆ بەرگری لە بیروباوەری و لەمە بەدواوە ئەم لۆگۆیە لە بۆنە چەکدارییەکان و نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا لە تەنیشت ئاڵای کوردستان هەڵدەکرێ.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٧