کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە

11:38 - 25 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی.

هاونیشتمانییە بەڕێزەکان!

بیست و حەوت ساڵ بەسەر تێرۆری ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ی زایینیدا (٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی) تێدەپەڕێت، ڕۆژێک کە  دوكتور "سادق شەرەفكەندی"، سكرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هاوڕێیانی، کاک  "فەتاح عەبدولی"، نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک "هومایون ئەردەڵان"، نوێنەری حیزب لە ئاڵمان و کاک "نووری دێهكوردی"، چالاکی سیاسیی ناسراوی ئۆپۆزسیۆن، لە بێرلینی ئالمان کەوتنە بەر پەلاماری تیمێکی تێرۆری کۆماری ئیسلامی و شەهید کران. 

دوکتور "شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی کە پاش بەشداریکردن لە کوۆنگرەی ئەنترناسیوناڵی سوسیالیست، بۆ چاوپێکەوتن و بیروڕاگۆڕینەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لە ڕێستورانی "میکۆنووس" کۆ ببوونەوە و لەوێ کەوتنە بەر پەلاماری هێرشی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی. 

دادگای بێرلین کە بە دادگای "میکۆنووس" ناوبانگی دەرکرد، لە ڕێكه‌وتی‌ ١٠ی ئاپریلی  ١٩٩٧ی‌ زایینی‌ (٢١ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ ١٣٧٦ی هەتاوی)، حوکمی خۆی سەبارەت بە تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی ڕاگەیاند. 

لەو حوکمەدا، دادگا بێ پێچ و پەنا، بە ڕاشکاوی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی لە بەرزترین ئاستدا (عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم، هاشمیی ڕەفسەنجانی سەرکۆماری ئەوکاتی ڕێژیم و وەزیرەکانی دەرەوە و ئیتلاعاتی فەرماندەی سپای پاسدارانی نیزامی ئیسلامی) بە پلانداڕێژ و بەڕێوەبەری ئەو تێرۆرە سامناکە ناساند و تێرۆریستەکان بە زیندان مەحکووم کران. 

لەقاودانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی لە دادگایەکی سەربەخۆی وڵاتێکی دێموکراتیکدا، بوو بە هۆی ڕیسوابوونی ڕێژیمی ئێران وەک حکوومەتێک کە بە ئاشکرا لە تێرۆر و تێرۆریزم وەک وەسیلەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی کەڵک وەردەگرێت. 

کۆماری ئیسلامی بە دوو هۆی سەرەکی دوکتور سادق شەرەفکەندیی تێرۆر کرد: 

یەکەم، کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزرانیەوە، بەگشتی کوشتن و بێسەروشوێنکردن و تێرۆرکردنی کەسایەتی و ڕێبەرانی ئۆپۆزسیۆنی کردووە بە سیاسەتی ڕەسمیی خۆی و لەو ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بوونەتە قوربانیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەو ڕێژیمە.

دووەم هۆکاری سەرەکیی دیکەی ئەو جینایەتە بەتایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ دەوری یەکلاکەرەوەی دوکتور شەرەفکەندی دوای تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ڤییەنی ئوتریش لە ١٣ی جوولای ١٩٨٩ی زاینی، بە دەست تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی. 

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو هیوایە دوکتور قاسملووی تێرۆر کرد کە دوای ئەو ڕێبەرە ناودارە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بەچۆک دادێت، خەڵکی کوردستان ناهومێد دەبێت و جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ئێران، تووشی شکست دێت و دوایی پێدێت!

بەڵام ئەو خەونەی کۆماری ئیسلامی وەدی نەهات! دوای کارەساتی ڤییەن، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات کەوتە دەستی بەتوانای سادق شەرەفکەندیی خەباتگێڕ و بەو پەڕی توانا و لێهاتووییەوە نەیهێشت ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازیی حیزب بکەوێتە عەرز. دوکتور شەرفکەندی بە ئازایەتی و لێوەشاوەیی کەموێنەوە و  بە هاوکاریی لێبڕاوانەی هاوڕێکانی، سیاسەت و ڕێبازی دوکتور قاسملووی لە نێوخۆ و درەوەی حیزب درێژە پێدا و بەو شێوەیە دوژمنی تووڕە کرد.

ئەوە بوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کەوتە داڕشتنی پلان بۆ تێرۆرکردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی.

ڕێژیمی ئیستبدادیی کۆماری ئیسلامی نەیدەزانی کە گەورەیی و لێهاتوویی دوکتور قاسملوو لەوەدا بوو کە بێجگە لە زانایی و توانایی، حیزبێکی دێموکرات و خەباتگێڕی لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە کە بە قەوڵی خۆی: "ئەگەر بەشێکی ڕێبەرایەتیی حیزبیش شەهید بێت، حیزبەکە لەسەر پێی خۆی دەمێنێتەوە و درێژە بە خەبات دەدات".

ڕووداوەکان، پێشبینییە دروستەکەی قاسملووی نەمریان سەلماند.

بێگومان، بە شەهیدکردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، زەبرێکی گەورە و بەژان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و جووڵانەی ڕزگاریخواز کەوت، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە ئاوات نەگەیشت. حیزبی دێموکرات  بە دوای تێرۆری "میکۆنووسـ"ـیش تووشی نسکۆ و بێهیوایی نەبوو و دەستی بەرنەدایەوە.

ئەوڕۆ دەبینین کە ئاڵای خەباتی حیزبەکەی سادق شەرەفکەندی هەروا دەشەکێتەوە و کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی قاسملوو و شەرەفکەندی بەبێ هیچ چەشنە دوودڵییەک، بە بڕوای قایم و ورەی بەرزەوە درێژە بە تێکۆشانی  خۆیان دەدەن.

ئەو ساڵ لە کاتێکدا یادی شەهیدانی بێرلین دەکەینەوە و ڕێز لە خەبات و فیداکارییان دەگرین کە کۆماری ئیسلامی، لە ئاکامی درێژەدان بە سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردن و پێشێلکردنی سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران لە نێوخۆی وڵات و هەروەها بە بەردەوامبوون لە سیاسەتی ئاژاوەنانەوە و پەرەپێدان بە تێرۆریزم و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ناوچەدا، ئێرانی تووشی کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی وەها گەورە و قووڵ کردووە کە  لە چل ساڵی ڕابردوودا بێ وێنەن.

گرانیی سەرسووڕهێنەر و ڕۆژانە، بێکاری، هەژاری، دیکتاتۆری و سەرکوت، دزی و گەندەڵیی بێ سنووری سیستماتیکی حکوومەتی، بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و...، بوونەتە هۆی ناڕەزایەتیی بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵک و چین و توێژە جیاوازەکان لە دەسەڵاتی حاکم و کۆمەڵگای ئێرانیان گەیاندۆتە سنووری تەقینەوە.

ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی هیچکام لەو قەیرانانە بەرنامەیەکی گونجاوی نییە و بۆ هیچکام لە داخوازە ڕەواکانی خەڵک بێجگە لە سەرکوت و گرتن و کوشت و بڕ، وڵامێکی بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتوو نییە.

ڕێژیم هەموو ئەو قەیران و بارودۆخە تاقەتپڕووکێنەی خستووەتە ئەستۆی "دوژمنانی دەرەکی" و سزائابوورییەکان کە لە ڕاستیدا هۆکاری سەپاندنی گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکان بۆ سیاسەت و کردەوەکانی خۆی بەرامبەر بە کۆمەڵگای جیهانی دەگەڕێتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکاندا، نەک هەر هیچ  ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی بە قازانجی ئەوان لە سیاسەتەکانی ڕێژیمدا بەدی ناکرێت، بەپێچەوانە، کۆماری ئیسلامی توندوتیژتر لە جاران مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان پێشێل دەکات و هەر ڕۆژە بە بیانوویەک سیاسەتی ئاسمیلەکردنی نەتەوە غەیرەفارسەکان درێژە پێدەدات.

وەک دواهەنگاوی ڕێژیم دژ بە گەلانی ژێرستەمی ئێران، دەکرێت ئاماژە بە "تەرحی بەسەندەگیی زمانی فارسی" (طرح بسندگی زبان فارسی) و قەدەغەکردنی جلوبەرگی کوردی و بەئیجبارکردنی جلوبەرگی فەرمی بۆ منداڵانی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە ئاماژە پێبکرێت.

هاونیشتمانانی بەڕێز!

ڕێژیم بە لەدەستدانی ڕەوایی، بڕوای بە خۆی نەماوە و لە سێبەری خۆی دەترسێت و لەپشت ئاساییترین جووڵە و بچووکترین داخوازیی سینفی هاووڵاتییان، پیلان و دەستی دوژمن بەدی دەکات و پەنا بۆ سەرکوت و توندوتیژی دەبات: "کوشتاری کۆڵبەری کورد کە ڕێژیم هیچ ڕێگایەکی بۆ خۆبەخێوکردن بۆ نەهێشتوونەوە، چالاکانی ژینگەپارێز، ژنانی خوازیاری عەداڵەت و دژی ئاپارتایدی جنسییەتی، مامۆستایانی قوتابخانە و کرێکارانێک کە خوازیاری مووچەی دواکەوتوویانن، ماڵخوراوان و..."، هەموو ئەو چالاکی و داواکارییانە کە پێوەندییەکیان بە سیاسەتەوە نییە، لە لایەن ڕێژیمی ترساو و داماوەوە بە جاسووسی بۆ وڵاتانی بێگانە تاوانبار دەکرێن، دەگیرێن و دەخرێنە بەندیخانەکانەوە!

لە بەرامبەردا، خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ترسیان لە حکوومەت دەشکێت و گرتن و بەندیخانە و ئەشکەنجە بووە بە ژیانی ڕۆژانەیان. ئەوڕۆ هەواڵی زیندانیکردنی واژۆکەرانی نامەیەکی سەرئاواڵە بۆ عەلی خامنەیی بڵاو دەبێتەوە، سبەینێ گرووپێکی دیکەی ژن و پیاو، نامەیەکی سەرئاواڵە دەنووسێت و داوای ئیستعفای خامنەیی و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئێران دەکات. ڕەوتەکە بەردەوامە! 

ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوانیی خۆمان لە سەرجەم ئەو چین و توێژ و لایەنانە کە داوای ماف و ئازادیی خۆیان دەکەن و دژ بە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی دەوەستنەوە، دەردەبڕین.

هاونیشتمانییە بەڕێزەکان!

دوکتور شەرەفکەندی لە کاتێدا شەهید کرا کە لەگەڵ چەند کەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی سەبارەت بە پرسی هاوکاری و یەکگرتن خەریکی بیروڕاگۆڕینەوە بوون.

ئەو پێداویستییە، ئەوڕۆش دوای ٢٧ ساڵ بەزیادەوە هەر لە جێی خۆیەتی و پڕشوبڵاوی و نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی دێموکراتیک و یەکگرتوو، بە خاڵی بەهێزی کۆماری ئیسلامی و هۆکارێکی سەرەکیی مانەوەی ڕێژیم و بە خاڵی لاوازی ئازادیخوازانی ئێرانی بەرامبەر بە ئیستبدادی مەزهەبیی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت.

تەنیا ڕێگای ڕزگاربوون لە دەست حاکمییەتی تێرۆر و سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی، درێژەدان و پەرە و گەشەپێدان بە خەبات، لە ئاستی کوردستان و ئێراندا، بە هەموو شێوەیەکی گونجاو، بە یەکگرتووییە. 

سڵاو لە گیانی پاکی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، کاک  فەتاح عەبدولی، کاک هومایون

ئەردەڵان و کاک نووری دێهكوردی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان. 

بەردەوام بێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بۆ ئاشتی و ئازادی. 

بەردەوام بێت خەباتی حیزبەکەمان لەپێناو وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی

 ١٦ی سێپتامبری ٢٠١٩ی زایینی