کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوحانی بەردەوامە لەسەر چەواشەکاری

11:40 - 20 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: جارێکی تر سەرکۆماری ڕێژیم لە چەواشەکارییەکدا باسی لە کاریگەرنەبوونی تەحریم و گەمارۆکانی ئامریکا  لەسەر ئابووریی ئێران کرد و ڕایگەیاند ئەم تەحریمانە هیچ شوێندانەرییەکیان لەسەرمان نەبووە.

حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیم، ڕۆژی شەممە رێکەوتی 19ی خەزەڵوەر پاش دانیشتنی سەرکردەکانی سێ باندی دادوەری، یاسادانان و جێبەجێکار، وێڕای ئەوەیکە پیداگری لەسەر هەڵوێستە پێشووەکانی بەرامبەر بە ئامریکا کردەوە رایگەیاند: ئامریکا ئەوەیکە دەیتوانی بەرامبەر بە ئێمە کردوویەتی و ئێستە ئیتر هیچ شتێک نەماوە کە بیکەن.

وتوویشیەتی: بەپێچەوانەی ئیدعاکانی ئامریکا تەحریمەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئابووریی ئێمە نەبووە و ئێمە هیچ کێشەیەکی ئابووریمان نییە و بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئەساسییەکانی خەڵک هیچ گرفتێکمان نییە و ئەمبارەکانمان لیپاولیپە لە خواردن و دەتوانین بۆ چەندین مانگ پێداویستییەکانی خەڵک دابین بکەین.

ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدان کە خەڵکی ئێران ڕۆژانە شاهێدی کۆمەڵێک دیاردەی وەک برسیەتی، هەژاری ڕووت، گرانی و کارتۆنخەوی و گۆڕخەوین کە هەموویان دەرەنجام و ئاکامی سیاسەتە هەڵە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیمە.

هاوکات لەگەڵ چەواشەکارییەکانی ڕوحانی، جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمیش لە وتووێژێکی ڕادیۆیی بە هێنانەبەرباسی ئەو گرفتانەی کە خەڵک لەگەڵی بەرەوڕوون ناڕاستەوخۆ قسە و لێدوانەکانی سەرکۆمارەکەی وەدرۆ خستەوە؛ ناوبراو وتوویەتی: قەیرانی گرانی ڕووی لە وڵات کردووە، ئێمە دەزانین هەلومەرجەکە باش نییە، من تێدەگەم کە خەڵک هەستێکی باشیان نییە، منیش حاڵم باش نییە!

ئەم لێدوانە دژبەیەکانەی سەرانی رێژیم لە کاتێکدان کە بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خەڵک بە هەموو چین و توێژەکانییەوە جگە لە تاقمێک کاربەدەستی حکوومەتی و لق و پۆپەکانیان لەوپەڕی خراپیدایە و باشترین بەڵگەش مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی ڕۆژانەی سینف و چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوامی لە ئێراندا بەڕێوە چوون.