کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوحانی لەباتی چارەسەری کێشەکان سەرقاڵی چەواشەکارییە

17:43 - 4 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لەو پەڕی بێ شەرمیدا، داوای خەڵک بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەوا ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە هۆکاری سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا ناو دەبات.

ڕۆژی سێ‌شەممە، ڕێکەوتی ٤ی بەفرانبار، حەسەن ڕوحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بۆ پێشکەش کردنی گەڵاڵەی بودجەی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی چووە مەجلیس و پێش خستنە بەرباسی گەڵاڵەی بودجە لە لێدوانێکیدا لەبارەی گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وتی: "گەڵاڵەی بودجەی ساڵی ١٣٩٨ لە کاتێکدا دەدرێتە مەجلیس کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە ڕووبەڕووی گوشار و گەمارۆی زاڵمانەی ئامریکا بووینەتەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو کردووە و ڕایگەیاندووە: "ڕووداوەکانی سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی پێشوو بووە هۆی ئەوەی ئامریکاییەکان لێکدانەوەیەکی ناڕاست و ناڕەوا لە سەرمان بکەن و هەڵوێستێکی جیددی لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران و ڕێککەوتنی ناوکی ڕابگەیەنن.

هەروەها ناوبراو جەختی لەوە کردووە کە ئامریکاییەکان لە تواناییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی دەترسن و ئەمەش بە هەڕەشە و کۆسپ بۆ سەر خۆیان دەزانن و هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ڕێژیمی ئێران هەبێت و بیخەنە سەر چۆک.

سەرکۆماری  ڕێژیمی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ مانگێکی پڕ بەرەکەت بۆ خەڵکی ئێران دەبێت.

ئەم قسانەی سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە، ڕۆژ بەڕۆژ دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک بەرەو خراپتربوون دەڕوات و بەشێکی زۆری جۆری خواردنەکان بەهۆی هاتنە خواری توانای کڕینی خەڵک لە لیستی خواردنەکانیان لابردووە.

بەپێی تازەترین ئامارەکانی خودی ڕێژیم، نرخی گۆشتی سوور و سپی بەڕێژەی ٦٠ لەسەد بەرزبووەتەوە و نرخی میوە بە ڕێژەی ٧٤.٩ لەسەد بەرزبووەتەوە. هەروەها بەرپرسانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن بەهۆی گرانی نرخی گۆشت بەشی کەمدرامەتی کۆمەڵگا توانای دابین کردنییان نییە؛ نرخی گشتی مەڕ و گوێلک لە بازاڕدا گەیشتووەتە ٧٠ هەتا ٨٠ هەزار تمەن.

هەر لەم ڕاستایەدا، بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی ناوەندی ڕێژیمی ئێران، کە بانکەکانی ئێران بە بڕی ١٦٠هەزار و ٥٤٠ میلیارد تمەن قەرزاری بانکی ناوەندین.

ئابووریناسان پێشبینی ئەوە دەکەن، کە لەژێر کاریگەری گەمارۆکانی ئامریکا بۆسەر ئەم وڵاتە دۆخی ئابووری خەڵک لە ئێستا خراپتریش ببێت بەشێوەیەک وەک دەڵێن: دۆخی ئابووری ئێران سنووری هۆشداری تێپەڕاندووە.