کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوسیە، ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی لەسەر دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە سووریە ڕێککەوتوون

17:27 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: دوای ئەوەی ئامریکا بڕیاری هاتنە دەرەوە لە سووریەی دا، ئیسرائیل، ڕووسیە و دەوڵەتانی عەرەبی لەسەر وەدەرنانی ئێران لە سووریە ڕێککەوتن.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز، ڕۆژنامەی ئیسرائیلی "ئیسرائیل هیوم" بڵاوی کردەوە کە پێش ڕاگەیاندنی هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە وڵاتی سووریەدا، لە دانیشتنێکی نهێنی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی، ئیسرائیل و ڕووسیە بڕیار دراوە کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە دەربکرێن.

ئەم ڕۆژنامە ئیسرائیلییە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: "بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ئوردۆن کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بەم ڕۆژنامەی ڕاگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، سعودییە، ئوردۆن و ئیسرائیل لەگەڵ "ڤێلادیمێر پوتین" سەرکۆماری ڕووسیە، لەسەر کردنە دەرەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا ڕێککەوتوون".

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم وڵاتانە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ڕووسیە پێشگیری لە ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر پایەگا نیزامییەکان و ئەنبارەکانی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵلای لوبنان لە سووریەدا نەکات و دەستی ئاوەڵا بکات بۆ بە ئامانج گرتنی پایەگاکانییان.

 هەروەها لەم دانیشتنە نهێنییەدا بڕیار دراوە، کە دەبێت ڕووسیە بە گوشار خستنە سەر دەوڵەتی سووریە زۆربەی ناوچە گرینگ و ستراتیژییەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕادەستیان بکاتەوە.

ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ئوردۆنەوە ڕایگەیاندووە کە ماوەیەکە ئیسرائیل، ئوردۆن و سعودییە هەوڵ دەدەن کە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریەدا کەم بکەنەوە.

بەرپرسانی ئوردۆنی بە ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم"یان ڕاگەیاندووە کە ئامریکا بەڵێنی بە وڵاتانی ئیسرائیل، ئوردۆن و سعودییە داوە کە بەمەبەستی کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، ئامریکا هەموو "سرویسە ئیتلاعاتی"یەکانی  دەخاتە بەردەستییان.