کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووحانی: خەڵکی فەلستین چەوساوەترین خەڵکن

12:48 - 5 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە ٧٤ـەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد خەڵکی فەلستین چەوساوەترین خەڵکی ناوچەکەن.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە بەشێکی قسەکانیدا لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتی: "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئاگری شەڕ، خوێنڕێژی، دەستدرێژی، داگیرکاری، دەمارگرژیی ئایینی و تایفەگەری دەسووتێت و گەورەترین قوربانیی ئەو نەهامەتیانەش خەڵکی چەوساوەی فەلستینه".

بەپێی زانیارییەکان کە بڵاو کراوەتەوە، تێچووی سەفەری ڕووحانی بۆ ئامریکا ٢٦ میلیارد تمەن بووە و ئەو پارەیەش لە "بەیتولماڵ" دابین کراوە و ناوبراو ٢٥ خولەکێک قسەی کردووە و ٢ هەزار وشەی بەکار هێناوە و هەر وشەیەک ١٣ ملیۆن تمەن تێچووی هەبووه.

تێچووی قسەکانی ڕووحانی لە کاتێکدایە کە نرخی هەڵاوسان لە مانگی خەرماناندا لە ئێران ٤٣ لەسەد و لە فەلستین ١.٨٧ لەسەد بووە.

لە ئێراندا خەڵک لە هەوڵدایە کە بژێویی ژیانی بەدەست بهێنێت، بەڵام تێچووی هەر وشەیەکی ڕووحانی ١٣ ملیۆن تمەن بووە.

هەژاری لە ئێراندا سنووری قەیرانی تێپەڕ کردووە و بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران نیوەی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.