کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووحانی: ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا دابەزیوە

12:24 - 15 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە قسە چەواشەکارانەکانیدا، باسی لە گەشەی هەلی کار لە بەشی پیشە، کشتوکاڵ و خزمەتگوزاریدا کردووە.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی ڕەزبەر، لە قسەکانیدا ڕایگەیاند: "بارودۆخی کار بەنیسبەت بەهار و هاوینی ساڵی ڕابردوو گەشەی کردووە و حەشیمەتێک کە کاری هەیە لە ئێراندا، گەیشتووەتە ٢٥ ملیۆن کەس و ڕێژەی بێکارەکان گەیشتووەتە ژیر٣ ملیۆن کەس". 

"ڕووحانی" هەروەها وتوویەتی: "لە بەشەکانی پیشە، کشتوکاڵ و خزمەتگوزاری، گەشەی کارمان هەبووە  و شایەتی دابەزینی نرخی بێکاری لە ئێرانداین".

ئەم قسانەی سەرکۆماری ئێران لە کاتێکدایە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا، ئەژماریکی زۆر لە کارگا و کارخانەکان، داخراون یان نیوەداخراو بوون و ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بێکار بوون و لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران بەدی دەکران.

هەروەها لە بەشی کشتوکاڵدا، بەهۆی نرخی خوارەوەی ڕێژیم بۆ کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، خەڵک بەرهەمەکانی خۆیان لەنێو بردووە، بەڵام ئامادە نەبوونە بەرهەمەکانیان بە ڕێژیم بفرۆشن.