کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوودی جولیانی: ڕێژیمی ئێران دەڕووخێت

10:45 - 1 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پارێزەری سەرکۆماری ئامریکا لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران دەڕووخێت وگەمارۆ ئابوورییەکان هۆکاری سەرەکین.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زاری ڕوودی جولیانی، پارێزەری دانڵد ترامپ کە یەکێک لە دژبەرانی توندی ڕێژیمی ئێرانه بڵاوی کردووەتەوە، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران.

ناوبراو لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە بێ گومان ئەو ڕێژیمە دەڕووخێت. ڕوون و ئاشکرایە کە خەڵکی ئێران سەبریان نەماوە، پارەی ئەو وڵاتە بەهای نییە بۆیە گەمارۆ ئابوورییەکان ڕێژیمی ئێران دەڕووخێنن.

ڕۆژنامەی "واڵستریت ژۆرناڵ" مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە ڕاپۆرتێکدا، باسی له دۆخی ئابووریی ئێران و لەنێوچوونی دامەزراوە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتە کردبوو.

ئەم ڕۆژنامەیە له ڕاپۆرتەکەی خۆیدا نووسیبووی؛ هەوڵەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە دوابەدوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، بەرۆکی پێ گرتبوون، تووشی شکست هاتووە و ئەوان پێش لە خولی نوێی گەمارۆوەکان تووشی کێشەی ئابووری ببوون. 

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام گوشارێکی ئابووری زۆری هاتووەتە سەر و بازاڕی ئێران بە شێوەیەکی نیوەداخراوەیە.

قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی چوارچێوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی تارانی تەنیوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا سەرپۆش لەسەر کێشە و گرفتەکان دادەنن.