کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆحانی هەڕەشەی ناردنی مادەی هۆشبەر و تێرۆریزم دەکات

12:21 - 18 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیم، هەڕەشەی ناردنی مادە هۆشبەرەکان و تێرۆریزمی بۆ وڵاتانە دەکات، کە گەمارۆوەکانیان بۆ سەر ڕێژیمەکەی وەگەڕ خستووەتەوە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری رێژیمی ئێران، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٧ی سەرماوەز، لە کۆنفڕانسی بەرەنگاریی لە بەرانبەر تێرۆریزم لە تاران ، لە نێوان بەرپرسانی شەش وڵاتی: (چین، تورکیە، ڕووسیە، ئەفغانستان، پاکستان و ئێران) هەڕەشەی کردووە، کە گەمارۆوەکان تواناییی لە ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوە لە هەمبەر مادە هۆشبەرەکان و تێرۆریزم دەستێنێتەوە و لەم بارەوە وتوویەتی: "ئەو وڵاتانەی کە گەمارۆوەکان لەسەرمان توندتر دەکەنەوە، هێزی بەرگرییان لە بەرانبەر مادە هۆشبەرەکان، بۆمبەکان، تێرۆریزم و کۆچبەریدا نییە و بۆ باوەڕهێنانیان بەم قسانە، چاوێک لە نەخشەی جوغرافیای ئێران بکەن.

ناوبراو لە درێژەی ئەم کۆنفڕانسەدا باسی لەوە کردووە، کە دەبێ تێچووی بەرەنگاریی ئێران، لە هەمبەر مادە هۆشبەرەکان و تێرۆریزمدا، بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بەرز هەڵسەنگێندرێت، کە ساڵانە ٨٠٠ میلیۆن دۆلار بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان تەرخان دەکات و ئەگەر لەم ڕێگایەدا لەمپەرێک بێتە پێشەوە، وە بەرچاوی خۆتانی بێنن کە چ کارەساتێک ڕوو دەدات.

ئەم هەڕەشانەی حەسەن ڕۆحانی لە دوو ڕوانگەوە جێی تێڕامانە، یەک ئەوەی کە باس لەوە دەکات، کە ساڵانە بڕێکی زۆر لە سامانی خەڵکی بۆ لەنێوبردنی دیاردەی مادە هۆشبەرەکان تەرخان دەکرێت، بۆچی هەتا ئێستە ئەو دیاردەیە لە نێو ئێراندا بنەبڕ نەبووە و دووهەم ئەوەی کە لە دیاردەی مادەی هۆشبەر و تێرۆریزم وەکوو ئامرازێکی هێز کە لە دەستیدایە باس دەکات.