کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣ ڕۆژ شەڕ بۆ ژیان

21:27 - 17 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ٢٣ ڕۆژ بەسەر مانگرتنی بازاڕییان و دووکاندارانی شاری بانە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانی ئاسوودە تێپەڕی و ڕێژیم هەروا بێخەمە!

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای تێپەڕینی ٢٣ ڕۆژ لە مانگرتنی بێوێنەی خەڵکی شاری بانە لەهەمبەر داخستنی سنوورەکانی کوردستان، کە بە کردەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی بێکاری و پەرەسەندنی هەژاری لە کوردستان، هێشتا ڕێژیم وڵامێکی ئەوتۆی بە داخوازە ڕەواکانی خەڵک نەداوەتەوە.

ئەم مانگرتنە مێژووییە، کە وەک چالاکانی سیاسی و چاودێرانی کاروباری کوردستان دەڵێن شەڕی کورد بۆ ژیان و دەستەبەرکردنی مافە، لەحاڵێکدا پێی ناوەتە ٢٣هەمین ڕۆژی خۆی کە توانیویەتی سرنجی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و ئێران و هەروەها میدیا بیانییەکان و وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشێت.

لەم ڕاستایەشدا بەپێی هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە زیاتر لە ٨٠٠ شاخەوانی کورد لە شارەکانی بانە، سەردەشت، پیرانشار، سەقز، شنۆ، ورمێ و مەهاباد بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنەکان، بە وتنەوەی سروودی "بەتەنیا جێم مەهێڵن" بەسەر یەکێک لە بەرزاییەکانی کوردستاندا سەرکەوتن.

هەروەها دوینێ ١٦ی بانەمەڕ ڕێژیم لەڕێگەی دەستوپێوەندییەکانییەوە هەوڵی دا کە یەکگرتوویی مانگرتووانی بانە تێک بدات و بە دووبەرەکی نانەوە لە نێوانیاندا ڕیزی یەکگرتوویان سست بکات و بە خەیاڵی خاوی خۆی کۆتایی بەم ڕەوشە بهێنێت.

بەپێی ئەم هەواڵە ئەو کەسانەی ڕێژیم کە ناویان لای "کوردستان میدیا" پارێزراوە، دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردۆتەوە کە بەشێک لە بازاڕییان ڕازی بوون سبەینێ دووکانەکانیان بکەنەوە و کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنن بەڵام لاوانی دەروەست و شۆڕشگێڕی بەشدار لە مانگرتنەکە زوو بە زوو بەرپەرچی ئەم هەوڵە نەزۆکەی ڕێژیمیشیان داوەتەوە و تەقەلا بێبنەماکەی ئیدارەی ئیتلاعاتییان کردە بڵقی سەر ئاو!

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا کۆماری ئیسلامی لە رێگەی نوێنەری خامنەیی و ئیمامی جومعەی شارەوە ویستی خەڵک فریو بدا، بەڵام لە رۆژی ١٤ی بانەمەڕدا، خەڵک مزگەوتی جامیعی شاریان بەجێهێشت و روویان لە مزگەوتی گوندی کەوپێچ کرد تا "نا"یەکی تریان بە ڕێژیم گووتبێتەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ڕێژیم لە ترسی پەرەسەندن و پەلهاویشتنی ئەم مۆدێلە لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان، بەردەوام هێزی چەکداری بێ‌ورەی خۆی لە شارەکانی وەک سەقز و سنە و مەریوان ڕەوانەی شاری بانە کردووە و لە نێو شار و دەوروبەریدا مۆڵی داون.