کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ پۆرتاڵی نۆروێژ باسی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد

12:48 - 22 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ پۆرتاڵی نۆروێژ، لە ڕاپۆڕتێکدا بە تێروتەسەلی باسی ئۆپراسیۆنی چەند ڕۆژی ڕابردوودی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک که "ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ پۆرتاڵـ"ـی نۆروێژ بڵاوی کردووەتەوە، لەوێدا باسی لە ئازایەتی و قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها شکستی ‌هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە، زەربەی قورسیان لە هێز پێشمەرگە داوە، بەڵام ئەو ئیدعایەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە وەدرۆ خراوەتەوە.

دوای ئەوەی کە قەرارگای "حمزە"ی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ورمێ، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوه، که لە ئەنجامی شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لە سیاکێوی ناوچەی شنۆ زەربەیەکی قورسی گیانی و ماددیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان داوە؛ فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند لەو شەڕ و  تێکەڵچوونەدا که لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سیاکێو لە ناوچەی شنۆ ڕووی داوە، ٩ پاسدار کوژران و ١٨ی دیکەش بریندار بوونه و بەرپرسانی ئەو قەرارگایەی ڕێژیمی وەدرۆ خستەوە.