کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی قۆدس بووە ڕۆژی گاڵتەجاڕ بۆ کۆماری ئیسلامی

12:09 - 19 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە دوایین هەینی مانگی ڕەمەزاندا کە کۆماری ئیسلامی وەک ڕۆژی قۆدس ناودێری کردووە، ڕێژیم بووە گاڵتەجاڕ و خەڵک وەک دەرفەت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر دەسەڵاتی تاران کەڵکیان لێوەرگرت.

لە دوایین هەینی مانگی رەمەزاندا کە وەک نەریتی ساڵانە، کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات لەم ڕۆژەدا شەڕفرۆشی و دوژمنایەتییەکانی خۆی بەرامبەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل دەرببڕێت و پەرە بە فەرهەنگی شەڕخوازی لەنێو گەلانی ئێران بدات، سەرئێشەیەکی نوێی بۆ ساز بوو.

بەپێی دوایین گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە پاش ئەوەیکە ڕێژیم بە هەرەشەکردن و بە زۆرەملی خەڵکی هێنابووە سەر شەقامەکان تاکوو لەدژی ئیسرائیل و ئامریکا و بۆ پشتیوانی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دروشم بدەن، خەڵک لەم دەرفەتە کەڵكیان وەرگرت بۆ نیشاندانی بێزارییان لە ڕێژیم و بە دانی دروشمی بەپێچەوانە دەسەڵاتی تارانیان بە چالشدا کێشا و بە دانی دروشم لەدژی کۆماری ئیسلامی و هێنانەئارای ویستەکانی خۆیان رێژیمیان دەستەوەستان هێشتەوە.

لە بەندەری ماهشەهر خەڵکی بەشدار لە ڕێپێوانی ڕۆژی قۆدس بە هەڵگرتنی پلاکاردگەلێک کە لەسەریان درووشمی وەک "خوێن دەدەین بەڵام خاک نادەین" ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر بڕیاری ڕێژیم بۆ پارچەپارچە کردنی شارەکەیان دەربڕی.

هەروەها لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا ئاخوندێکی گەنج نیشان دەدرێت کە بە هەڵگرتنی نووسراوەیەک ئێعترازی خۆی لەهەمبەر سیاسەتە دژەخەڵکییەکانی ڕێژیم دەربڕیوە و نووسیویەتی: خۆزگە ڕۆژێکیش بۆ پشتیوانی لە خەڵکی زوڵملێکراوی ئێرانیشمان دەبوو.

یان لە ڕێپێوانەکانی تاراندا کاتێک خەڵک چاویان بە عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی دەزگای وزەی ناوکی کەوت لەباتی دروشم لەدژی ئیسرائیل و ئامریکا وتیان: "مرگ بر صالحی" و ئەوپەڕی سووکایەتییان پێکرد.

هەروها لە گرتەیەکی دیکەدا لەحاڵێکدا کە بەسیجی و سپاییەکان درووشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل دەڵێنەوە، خەڵکی ئاسایی بەڵام وەزاڵەهاتوو دەڵێن مەرگ بۆ خامنەیی.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێک کە بەدەست کوردستان میدیا گەیشتووە، لە شارەکانی کوردستاندا ڕێژەیەکی زۆر کەم لە خودی کارمەندانی حکومەتی بەشدار بوون کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو جێگەی سرنج بوو.