کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی ناساندنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە تێرۆریستی نێودەوڵەتی

18:30 - 23 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە، ڕۆژی دەرکردنی حوکمی مێژوویی دادگای ئاڵمانە کە لەو حوکمەدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک دەسەڵاتێکی تێرۆریست لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناسێندرا.

تێرۆریستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی توانیان لە ڕێستۆرانی میکونوس، دوکتور سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی، هۆمایون ئەردەڵان و نوری دێهکوردی تێرۆر بکەن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی وابوو هەر وەک تێرۆرەکانی پێشووتر دەتوانێ بە سیاسەتی حاشا و تەماح‌وەبەرنان ئەو جینایەتە پەردەپۆش بکات، بەڵام دەزگای قەزایی سەربەخۆی ئاڵمان کە بڕیاری دابوو بەرگری لە کەرامەتی خاک و وڵاتەکەی بکا، پەروەندەیەکی گەورەی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو تیرۆرەدا پێکهێنا و ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵ کاری جیددی تێدا کرد.

بڕیاری دادگا لە ٢١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی ڕاگەیەندرا و کاربەدەستانی پایەبەرزی ڕێژیمی ئیسلامیی کە بریتی بوون لە عەلی خامنەیی، عەلی‌ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی و عەلی فەلاحیان وەک بکەرانی ئەو تێرۆرە ناسێندران.

لەو دادگایەدا ١٨٠ کەس شایەتیان دا و هەزاران لاپەڕە بە بەڵگەوە تاوتوێ کرا. ئەو دادگایە ماوەی ٥ ساڵی خایاند و بڕی ٩ میلیۆن مارک تێچووی هەبوو بەم پێیەش دادگای میکۆنوس بە یەکێک لە پرتێچووترین دادڕەسییەکانی مێژووی ئاڵمان بووە.

دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران، بە تیرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان مەحکووم کران، وڵاتانی ئۆروپایی باڵوێزەکانیان لە تاران کشاندەوە و پێوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران بۆ ماوەیەک هەڵپەسارد.

ڕێکه‌وتی ٢٦ی خه‌رمانانی ١٣٧١ی هه‌تاوی (١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ی زایینی) له‌ پەلامارێکی تیرۆریستیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بۆ سه‌ر ڕێستورانی میکۆنوس له‌ شاری بێرلینی ئاڵمان، دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکرات له‌گه‌ڵ فه‌تاح عه‌بدولی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب و هۆمایون ئه‌رده‌ڵان شه‌هید کران.