کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٩ ڕۆژە شارەکی دووشانی سنە ئاوی نییە

11:32 - 19 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: نزیک بە ١٩ ڕۆژە خەڵکی شارەکی دووشان، سەربە شاری سنە ئاوی نییە؛ خەڵکی ئەم شارەکە بۆ پاک و خاوێنی لە ئاوی مەعدەنی کەڵک وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نزیک بە ١٩ ڕۆژە، کە خەڵکی نیشتەجێی شارەکی دووشان، لە شاری سنە ئاویان نییە و لەگەڵ کێشەی نەبوونی ئاو بەرەوڕوون.

خەڵکی ئەم شارەکە دەڵێن شەوانە بە ماوەی نیو کاتژمێر ئاویان هەیە و جاری واشە هەتا سێ تا پێنج ڕۆژی بەردەوام ئاویان پێ ناگات.

بە وتەی دانیشتووانی ئەم شارەکە، ڕۆژانە تەنیا یەک کاتژمێر ئاویان هەیە کە ئەمە کێشەیەکی گەورەیە.

یەکێک کە شارۆمەندانی نیشتەجێی ئەم شارەکە دەڵێت: "من منداڵی بچووکم هەیە، بۆ ڕاگرتنی پاک و خاوێنی منداڵەکەم ناچارم لە ئاوی مەعدەنی کەڵک وەربگرم و ئەو ئاوەی کە هەیە بەشی خواردنەوەشمان ناکات".

خەڵکی ئەم شارەکە هەروەها دەڵێن: بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی خۆمان دەبێ بڕۆین بۆ پارکی بەهاران کە هەرجار ڕۆیشتن و گەڕانەوە ٣٠ خولەک دەخایەنێت؛ دەڵێن کەسیش گوێ بە سکاڵاکانمان نادات.

شارەکی دووشان و چەند شارەکێکی دیکە لە نزیک مەیدانی گرێزەی شاری سنە هەڵکەوتوون، کە حەشیمەتێکی زۆریشیان لە خۆ گرتووە و نزیک بە نیو کاتژمێر مەودایان لەگەڵ شوێنە سەرەکییەکانی شاردا هەیە.

 بونیاد مەسکەنی شاری سنە، ساڵانە مۆڵەتی بیناکردنی خانووەیەکی زۆر لەم ناوچەیە دەردەکات، لە حاڵێکدا کە دەزانن خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ کێشەی هاتووچۆ و هەروەها نەبوونی ئاو و گاز بەرەوڕوو دەبنەوە.

بیناکردنی لەڕادەبەدەری خانوو لەم شوێنەدا کێشەگەلێکی وەکوو هاتووچۆ، نەبوونی ئاو و کارەبا و دەیان کێشەی دیکەی بۆ خەڵک ساز کردووە، که ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەو شارەکەیان لەگەڵ نالەباریی ژیان بەرەوڕوو کردووەتەوە.