کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیاڵی ئێران ماڵاوایی لە دنیای ئابووری کرد

13:00 - 9 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکی فەرمیدا یەکەی ڕیاڵیان لە دراوی ئێران لابرد.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیران لە ‌هەواڵێکدا بڵاویان کردەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی گەلاوێژ، بەرپرسانی هەیئەتی دەوڵەت لە دانیشتنێکی فەرمیدا بە فەرمی پارەی ڕیاڵیان لابرد و تمەنیان کردە پارەی فەرمی.

ساڵی ٩٦ی هەتاوی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکی فەرمیدا بە سەرۆکایەتیی "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیم، بە فەرمی پارەی ڕیاڵیان لابرد.

بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای پارەی وڵاتەكەیان، پارەی فەرمیی ئەو وڵاتەیان لە ڕیاڵەوە کردە بە تمەن.

کێشەی ئابووری و داڕمانی ئابووریی ڕێژیم بەهۆی گەمارۆوە ئابوورییەکان، سیستمی ئابووریی ئەو وڵاتەی تووشی شەلەل کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم، ئامانج لەو گەڵاڵەیان بۆ دابینکردنی ئەمنییەت، سڵامەت و سەرپێ بوونی سیستمی پارە و بانکی، بەپێی یاسا و ڕێسا شەرعییەکان و پاراستنی قازانجەکانی ئەو کەسانەی پارە لە بانکەکان دادەنێن و هەروەها پێڕاگەیشتن بە سکاڵا و کارە نایاساییەکانی دامەزراوە ئیعتبارییەکان، ڕاگەیاندووە.

ئەم بڕیارە نوێیەی کابینەی یازدەیەم، هەڵوێست و دژکردەوەی جۆراوجۆری کارناسانی ئابووریی لێکەوتووەتەوە. بەشێک لە پشتیوانانی ئەم گەڵاڵەیە دەڵێن کە کەمکردنەوەی سفر لە دراوی میللی، هیچ نەبێت تێچووی چاپی دراومان لە کۆڵ دەکاتەوە.

لە بەرامبەریشدا بەشێک لە کارناسانی ئابووری کە دژ بەم بڕیارەی دەوڵەت وەستاونەتەوە دەڵێن: "بە سەرنجدان بە بارودۆخی نائاسایی و هەڵاوساوی ئابووری و سیاسی لە ئێران، جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و لەباتیی قازانج، زیان بە ئابووری دەگەیەنێت".

یەکەمین جار پێشنیاری گۆڕینی ڕیاڵ بۆ تمەن لە سەردەمی "مەحموود ئەحمەدی نژاد"دا هاتە ئاراوە.

ئەم گەڵاڵەیە لە کاتێکدا چاوەڕوانی جێبەجێکردنە کە ناوی ئێران هاوتەنیشت لەگەڵ وڵاتانێکی وەک: "ڤێنێزۆئێلا، ئۆکراین، قێرقیزستان، ئەرمەنستان و جامائیکا"، لە بیاڤی ئابووریدا جێی گرتووە.