کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێفراندۆمی ٢١ خەرمانان

11:18 - 24 خەرمانان 2719

میرزانیار

مێژووی نەتەوە بندەست و داگیرکراوەکان پڕە لە کارەسات و تراژیدیای ناخهەژێن، کارەساتگەلێک کە شوناس و مەوجوودییەتی ئەو نەتەوانە دەخاتە ژێر تاقیکردنەوە و ئەو پرسیارە دەوروژێنێت ئاخۆ ئەو نەتەوانە دەتوانن بەردەوامی بە خەباتە شوناسخوازییەکەیان بدەن؟

لێرەدایە کە ئیرادە و تێگەیشتوویی سیاسیی نەتەوە بندەستەکان دەبێتە بگۆڕێک بۆ گۆڕینی تراژیدیا بۆ حەماسە، حەماسەیەک کە هەڵگری پەیامێکی قووڵ و گرینگە هەم بۆ خودی نەتەوەی بندەست و هەروەها بۆ داگیرکەریش. پەیامەکە لە ئاستی نەتەوەدا بە جۆرێکە کە هیوا لە ناخی تاک بە تاکی نەتەوەی بندەستدا پێکدەهێنێت، هیوایەک بۆ بەردەوامی و نەبەزین و نیشاندانی ئیرادە و ویستی شوناسخوازی، هاوکات پەیامێکی قووڵتر بە داگیرکەر دەگەینرێت لە ڕاستای نیشاندانی نەبوونی شەرعییەتی داگیرکەر لە نیشتمانی نەتەوەی بندەست.

نەتەوەی کوردیش کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە سەدەی ٢١، خاوەنی مێژوویەکی لێوانلێوە لە کارەسات و تراژیدیا، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئیرادەی ئازادیخوازیی ئەم نەتەوەیە بەردەوام  حەماسەخولقێن بووە و توانیویەتی بەردەوام تاوانکارییە دزێو و نامرۆڤایەتییەکانی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان بکاتە خاڵێک بۆ نیشاندانی ئیرادە و ویستی ئازادی و شوناسخوازیی خۆی، واتە بەپێچەوانەی تێگەیشتنی داگیرکەر تراژیدیاکان نەیانتوانیوە و ناشتوانن ئیرادەی ئەو نەتەوەیە لە بن بهێنن، هەر بۆیەشە کە دەکرێت ئەم وەڵامدانەوە حەماسییانە وەکوو سەرکەوتنێکی گەورەی نەتەوەیی و جۆرێک لە کۆدەنگی ببینین کە سەربەخۆبوونی نەتەوەکەمان نیشاندەدات. مانگرتنی سەرەتاسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢١ خەرماناندا، دوابەدوای کارەساتی ١٧ خەرمانان دەرخەری ئیرادە و ویستی لە بننەهاتووی نەتەوەیەکە کە داگیرکەر بە هەموو هێز و جۆرە جیاوازەکانی ژینۆساید و سەرکوت و ئاسمیلاسیۆن، نەیتوانیوە چۆکی پێدابدات و تایبەتمەندیی شۆڕشگێربوون لە شوناسی ئەو نەتەوەیە دابماڵێت.

 نەتەوەیەکی بندەست هەمیشە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە پەیامی "نا" گوتن بە گوێی داگیرکەر بگەیەنێت، واتە نیشان بدات کە پرۆسە جۆراوجۆرەکانی داگیرکەر بۆ تواندنەوەی ئەو سەرکەوتوو نەبووە و شوناسی داگیرکەر نەیتوانیوە شوناسی نەتەوەی بندەست قوورت بدات، بەڵکوو ئیرادەی شۆڕشگێڕیی ئەو نەتەوانە بەردەوامە بۆ زیندووهێشتنەوەی ڕۆحی ئازادیخوازیی نەتەوەیەک کە دەیهەوێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات و هەر نەتەوەیەک بتوانێت بەردەوامی بدات بە بەزیندووهێشتنەوەی ئەم پەیامە، سەرکەوتنی مسۆگەرە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.