کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەسەر ١٠ی خاکەلێوە له‌ وڵاتی سوئید به‌ڕێوه ‌چوو

13:52 - 12 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ لە وڵاتی سوئید بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی خاکەلێوە، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری یوتوبۆری سوئید، سێمینارێکی لەسەر ڕوانگەی پێشەوا قازی محەممەد لە پێوەندی لەگەڵ گواستنەوەی دۆزی کورد لە قۆناغی پتانسیلی نەتەوەیییەوە بۆ قۆناغی زانستیی نەتەوە_دەوڵەت بەڕێوە برد.

ئەو سێمینارە بە کۆڕگێڕیی "مەنسوور عەزیزی"، ئەندامی پێشووی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،  بەڕێوە چوو.

لەو سێمینارەدا، بەشێکی بەرچاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کورد و کوردستان، ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی و بە گشتی کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان بەشدار بوون. 

سێمینارەکە، به‌ سروودی نه‌ته‌وەیی "ئه‌ی ڕه‌قیب" و خوله‌کێک بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاکی شه‌هیدانی ١٠ خاکەلێوە و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان ده‌ستی پێ کرد.

پاشان پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی یۆتۆبۆری، لە لایەن ''سیروس ڕەئوفیـ"ـیەوە بە نوێنەرایەتی کۆمیتە پێشکەش کرا.

ناوبراو لە نێوەڕۆکی پەیامەکەدا، ئاماژەی بە ژیاننامەی پێشەوا و بیرۆکەی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات کرد، کە لەسەر ئەساسی هەستی نەتەوەیی دامەزراوە و بە کردەوە بۆ ئەم بیرۆکە هەنگاوی هەڵ گرتووە.

پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان، لە لایەن ''ساماڵ" بەرپرسی کۆمیتەی هاوکارییەوە خوێندرایەوە.

پاشان لە تەوەرێکدا کە ''مەنسوور عەزیزی'' پێشکەشی کرد، بە شێوەیەکی ڕێتوریکی ئاماژە بە کورد لە ڕابردووی خۆیدا وەک نەتەوەیەکی شکۆدار لە دامەزرانی دەسەڵاتی خۆی لە سەردەمی ماد، شکستی دەسەڵاتی ماد، هێرشە یەک لە دوای یەکەکان لە مێژوودا بۆ سەر کوردستان، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوەی کورد، ڕێبەرانی کورد و ڕۆڵی پێشەوا قازی و حیزبی دێموکرات لە دروستکردنی بناغەیەکی زانستی بۆ دروستکردنی کیانێکی نەتەوەیی بۆ کورد و کاریگەریی ئەو ڕێبارە لەسەر ئەوڕۆی شۆڕشی کورد و ئاسۆی ئەو شۆڕشە کرا.

لە بەشی دووهەمی ئەو سێمینارەدا، لە لایەن بەشداربووانی ئەو یادە، کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەی کۆڕگێڕان کرا، کە لە لایەن ناوبراوانەوە بە وردی وڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.

لە کۆتاییی ئەم کۆڕەدا لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە لە یوتوبۆری، گوڵی ڕێزڵێنان بە "مەنسوور عەزیزی" کۆڕگێڕی ئەم سێمینارە بەخشرا.

هاوکات بۆ ڕێزگرتن لە سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان لە لایەن "شیرین جەلالی، موژدە حەیدەری "، چەند دەستە گوڵێک کە لە لایەن کۆمیتەوە ئامادە کرابوو، بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بەشداربووانی ئەم یادە مێژوویییە بە بێ جیاوازی پێشکەش کرا.