کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی بەشکۆی نەورۆز لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو

17:02 - 6 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی نەورۆز لە لایەن کۆمکار، بە شێوەیەکی بەشکۆ لە شاری لۆزانی وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری لۆزان لە وڵاتی سویس، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بۆنەی جێژنی نەورۆز، لە لایەن کۆمکار و بە ھاوکاریی چەند حیزبێکی کوردستانی بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان بەڕێز عەبدی بەرپرسی ناوەندی کۆمکار، وتارێکی بە زمانی فەڕانسەوی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی مەراسمەکە کامران ڕەسووڵی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە وڵاتی سویس وتارێکی پێشکەش بە بەشداران کرد.

ڕەسووڵی لە سەرەتای قسەکانی وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز، ئاماژەی بە سیاسەت و ھەڵوێستەکانی حیزبی دیمۆکرات کرد و وتی: وەک دەزانین ئەمساڵ لە کاتێک نەورۆز بەڕێوە دەبەین، کە کوردستان و ناوچەکە لە بەردەم ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیدایە و بەداخەوە کورد بەشێکی زۆر لە دەسکەوت و خاکی خۆی کە بە خوێن فرمێسک بە دەست ھێنابوو لە دەستی دا.

ڕەسووڵی ھەروەھا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویە: ئێمە ھێرشی دڕندانەی ڕێژیمی تورکیە بۆ سەر عەفرین مەحکووم دەکەین و وەکوو سیاسەتی نەگۆڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای ڕەتکردنەوەی ھەر جۆرە دەستێوەردانێک لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، ھەردەم پشتیوانی لە ھەر جووڵەیەکی ئازادێخوازانەی نەتەوەکەمان دەکەین.

ڕەسووڵی ھەروەھا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاماژەی بە دۆخی ڕۆژھەڵات کرد و وتوویە: ئێمە وەک حیزبی دێموکرات، ھەردەم ئاماژەمان بەوە داوە، کە سەرچاوەی ھەموو بشێوییەکانی گەلانی ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

بەشێکی دیکەی بەرنامەکە بۆ ھەڵکردنی ئاگری نەورۆز، لە لایەن نۆێنەرانی ھێزە سیاسییەکانەوە تەرخان کرابوو.