کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو

22:56 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لە وڵاتی ئاڵمان به شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری برێمنی ئاڵمان ڕێورەسمی یادی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ بە هاوبەشی هەر دوو کومیتەی حیزبی دێموکرات و پارتی سوسیالیستی کوردستان لە ئاڵمان بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهید پیشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی دەستی پێکرد.
پاشان ڕەشید رەحمانی بە نوێنەرایەتی لە کۆمیتەکانی پارتی سوسیالیستی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد.

ڕەحمانی بە ئاوڕدانەوەیەک لە ژیان و تێکۆشانی شەهید پێشەوا، دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، دامەزرانی حیزبی دێموکرات، دامەزرانی کۆماری کوردستان و سەرئەنجام ئەو فاکتەرانەی بوونە هۆکاری رووخانی حکوومەتی ساوای کوردستان و شەهید کرانی قازی محەممەد و هاورێکانی و بە پشتبەستن بە وەسیەتنامەی مێژوویی شەهید پێشەوا باسی لە سەر دۆخی هەنووکەیی بزاڤی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد و لەو پێوەندییەدا وتی: جەنابی پێشەوا لە وەسیەتنامەکەیدا روو بە نەتەوەی کورد ئامۆژگاری کردووین کە تەنیا هێزێک دەتوانێ لە سەرکەوتنمان ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێ، پاراستنی یەکیەتی و برایەتییمانە.

لەو ڕێورەسمەدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان وەک؛ محەممەد عەلی سیرەک ئەندام پارلمان لە سەر لیستی پارتی سوسیالیستی ئاڵمان، پرۆفسۆر ئێقباڵ حاجەبی تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات و گەورە موزیکدانی کورد و خاتوو سرووە قازی وەک نوێنەری بنەماڵەی قازییەکان بەشدار بوون و پەیام و وتاریان پێشکەش کرد.

لە کۆتابەشی ڕێوڕەسمەکەشدا شاخەگوڵی ڕێز و وەفا پێشکەشی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان کرا .