کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڤییەن لە کەمپی جێژنیکان بەڕێوە چوو

18:10 - 25 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بە ئامادەبوونی بەشێک لە بنەماڵە و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب، لە کەمپی جێژنیکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ڤییەن بەڕێوە چوو.

بەپێی هەوالی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٩هەمین ساڵیادی تێرۆرکردنی ڕێبەری لێوەشاوەی گەلی کورد "د. عەبدولڕەحمان قاسملوو" هاوڕێ لەگەڵ "عەبدوڵڵا قادری ئازەر" نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و "د. فازڵ ڕەسوڵ" دۆستی حیزبی دێموکرات، بە دەستی  دیپلۆمات تێرۆریستەکانی تاران، لە بنکەی جێژنیکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات لەلایەن بەڕێز "خالید دەرویژە" ئەندامی دەستەی کارگێڕی خوێندرایەوە کە تێیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە خەبات و ژیانی شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو باس لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕەوتی خەبات لە ڕابردوو و ئێستادا کرا.

پاشان سروودێک لەژێر ناوی "شەهید شەهید" لەلایەن دوو کیژی دێموکرات "ڕۆژین ئەحمەدزادە و شەفەق خووبایی" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "شاهۆ ئەحمەدی"، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە.

دوابڕگەکانی ئەم ڕێوڕەسمەش بریتی بوون لە خوێندنەوەی شێعرێک بەناوی "ئازاری خەم" لەلایەن پێشمەرگەی حیزب "عەبدولڕەحمان یووسفی" و شێعری "سی هەناسە" لەلایەن شاعێری پێشمەرگە "مامۆستا بێبەش".