کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ١٧ی خەرمانان لە شاری کۆیە بەڕێوە چوو

11:53 - 20 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و هەروەها مەحکوومکردنی ئەو کردەوە تێرۆریستییە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە شاری کۆیە بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەبەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسی و ئاکادێمیسیەنەکانی کوردستان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و هاوکات مەحکووم کردنی ئەو جینایەتە سامناکەی کۆماری ئیسلامی لە شاری کۆیەی باشوری کوردستان بەڕێوە چوو.

  لەم ڕێوڕەسمەدا کە لە هۆڵی ئەتاسایی شاری کۆیە بەڕێوە چوو، حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدار بوون و هاوخەمیی خۆیان بە بۆنەی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە بە ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات ڕاگەیاند و پێشێلکردنی سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستانیان لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە مەحکووم کرد.

ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانان ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی لە کردەوەیەکی قێزەوندا بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتیان لە شارۆچکەی کۆیە، لە باشووری کوردستان کردە ئامانج کە بەهۆیەوە چەندین تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات و دوو پیشمەرگەی حیزب شەهید و کۆمەڵێکی بەرچاویش بریندار بوون.

ئەم تاوانە لەبیرنەکراوەی رێژیم کاردانەوەی گەلی کورد لە هەر بەشی کوردستانی لێکەوتەوە و جیا لە حیزبە سیاسییەکان، خەڵکی مافویستی کوردستانیش لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەم هاوخەمی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و قوربانییانی ئەم کارەساتە دەربڕی و هەم سیاسەتە شۆڤێنیستییەکانی تارانیان مەحکووم کرد.

بڕیار وایە هەر لەم چوارچێوەیەدا و لەسەر پێشنیار و داواکاری ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١ی خەرمانان، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن.