کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی کۆتایی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی خوێندکاران بەڕێوە چوو

15:51 - 29 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: کۆنگرەی ٥ی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەژێرناوی ڕاسان و بە دروشمی ئەزموونی ڕابردوو، هەوێنی سەرکەوتنی داهاتوو، بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی سێ‏شەممە، ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی کۆتایی‌هاتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوەچوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی ئەندامانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامانی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٥، ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و شاندی حیزبی دێموکرات، لە مەقەڕی سەرەکیی حیزبی دێموکرات لە کۆیە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، سەلام ئیسماعیل‌پوور، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران، ڕاپۆرتی کۆتایی‌هاتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکەش کرد.

دواتر، غوڵام فاتحی بە هاوکاریی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات، گۆرانییەکی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، پەیامی دەستەی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن کاروان شەرەفی سکرتێری هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٥ی یەکیەتیی خوێندکارن خوێندرایەوە.

دواتر گۆرانییەک لە لایەن هونەرمەند غوڵام فاتحی پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمە کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕیوڕەسمەدا، لەوحی ڕێزلێنان لە لایەن کاروان شەرەفی سکرتێری یەکیەتیی خوێندکاران، پێشکەش بە بەهمەن کەریمی، غاڵب حەبیبی، شەماڵ تەرغیبی و ئەژین بەهرامی ئەندامانی بەڕێوەبەریی پێشووی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٤ کرا.

پاشان، لەلایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سوپاس و پێزانینی هەموو ئەو کادر و پێشمەرگە و ئۆرگانانەی حیزبی دێموکرات کرا کە لە بەستنی کۆنگرەکەدا هاوکار و یارمەتیدەری یەکیەتیی خوێندکاران بوون و لە لایەن جەماڵ فەتحی، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران، لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا.

پاشان لەلایەن بەشدارانی رێوڕەسمەکەوە پیرۆزبایی لە هەیئەتی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی خوێندکاران کرا و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خوازرا.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و گۆڤەند کۆتایی پێهات.