کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز لە شاخەکانی کوردستان بەڕێوە چوو

15:53 - 25 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا بە ئامادەبوونی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە و کۆمەڵێک لە فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگە بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەوە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دەستی پێکرد، دواتر خولەکیک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگەیەندرا.

پاش وەرگرتنی سانی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە هێزەکانی ئامادەبوو لە ڕێوڕەسمەکە، ڕێژەی دەستە و هێزەکانی پێشمەرگە کە نیشاندەریی ئەوپەڕی ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو بەڕێوە چوو.

لە بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز کاوە بەهرامی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووانی مەراسمەکە کرد. ناوبراو لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، رۆژی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان رۆژی وەبیرهێنانەوە و قامک لە سەر دانانی تایبەتمەندییەکانی پێشمەرگە و رۆژی رێزگرتن لە فیداکاری و خۆبەختکردنی رۆڵە تێکۆشەر و خەباتگێڕەکانی نەتەوەکەمانە، رۆژی ئەو ڕۆڵە شۆڕشگێڕ و گیان لەسەر دەستانەیە کە سەنگەرەکانی خۆیان دژی دیکتاتوری و سەرەڕۆیی پەت و سێدارەی رێژیم لە هەلومەرجە سەختەکاندا پاراست، ئەم قارەمانانە بوون کە چەمکی گۆڕانکاری و راسانیان کردە مەشخەڵی جووڵانەوەی نوێ.

سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی ئێرانیش وتی: "رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجی ئێستادا لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەروەها ناوخۆیی خودی رێژیم لە وەزعێکی زۆر نالەبار و بێ سەروبەرەدایە و لە نێو کۆمەڵگای جیهانیدا هیچ چەشنە ئیعتبارێکی نەماوە؛ هەروەها بە هۆی کردەوە تێروریستییەکانی و دخاڵەت کردن لە کاروباری وڵاتانی جیهان بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەک پێشێلکەری مافی مروڤ لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا ناسراوە؛ هەموو کۆڵەکەکانی سەقامگیری ئەو وڵاتە سست و لاواز بوون و ئیدی تەنیا پێویستی بە پاڵپێوەنانێکی هەمەلایەنە هەیە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەهرامی ڕوو لە خەڵکی کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب وتی:  "داوا لە هەموو دڵسوزانی گەلی کورد بە تایبەت ئەو کادر و پێشمەرگە شۆڕشگێڕانە دەکەین کە ساڵانێک لە ریزی خەباتدا بۆ رزگاری کوردستان شەونخونییان کێشاوە وئێستا بە هەر هۆیەک لە هەندەران گیرساونەتەوە، بە هەر شێوەیەک پێیان دەکرێ هاوکار و پاڵپشتمان بن، داوا لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان دەکەین بە هەر شێوەیەک پێیان دەکرێ پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بن".

پاش قسەکانی بەڕێز کاوە بەهرامی لەوحی ڕێزلێنان وەک نەریتی ساڵانە بە سەر چەند پێشمەرگەی دێرینی حیزبدا دابەش کرا کە ماوەی ٢٠ ساڵە بێ‌پسانەوە لە ڕیزی تێکۆشاندان. ئەو کەسانەی کە ئەمساڵ لەوحی ڕێزلێنانی ٢٠ ساڵەیان پێشکەش کرا بریتی بوون لە: هاوڕێیان "سیامەند تەربی، یاسین یوسفی، ئومید مەندۆمی و شەهاب عەسکەری".

دواتر وەک نەریتی ساڵانە، براوە و دەرچووانی فێستیڤاڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە فستیڤاڵی ئەمساڵ بۆخۆی دووهەمین فێستیڤاڵ لە قۆناغی ڕاسانی ڕۆژهەڵات‌ بوو، لەلایەن بەشێک لە فەرماندەرانی هێزی پیشمەرگەوە خەڵات کران.

لە چەندین بڕگەی جیاوازیشدا پێشمەرگەکانی کوردستان بە خوێندنی سروود و گۆرانی و شێعر ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە؛ دوابڕگەی ڕێوڕەسمەکەش بریتی بوو لە ئەنجامدان و پیشاندانی چەند جووڵەی نیزامی سەرنجڕاکیش کە لەلایەن دەستەیەک لە پێشمەرگەکانه‌وە ئەنجام درا.

ئەم ڕێوڕەسمە بە هەڵپەڕین و گۆڤەندی بەشداربووان و لە کەشێکی تەواو پێشمەرگانەدا کۆتایی پێهات.