کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژاو ڕێزی لە سروشت گرت

12:10 - 30 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی شاری ڕێژاو، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە سروشت بۆ بەخشینی میوەی هەنجیر بەم ناوچەیە، ڤێستیڤاڵێکیان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی سێشەممە،٢٩ی گەلاوێژ، خەڵکی شاری ڕێژاوی سەر بە پارێزگای کرماشان، یەکەمین ڤێستیڤاڵی خۆیان بە مەبەستی ڕێزگرتن لە سروشت بۆ پێدانی میوەی هەنجیر بەم ناوچەیە، لەژێر ناوی "یەکەمین ڤێستیڤاڵی میوەی بەهەشتی"، بەڕێوە برد.

لەم ڤێستیڤاڵەدا، چەندین گرووپی مۆسیقا و هەڵپەڕکێ و هونەرمەندانی کورد بەشدارییان کردووە و ڕێزیان لە سروشت و بەرهەمەکانی گرت.

شاری ڕێژاو، لە ١٢٠ کیلۆمیتریی باکووری ڕۆژاوای پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە و مێژووی دروستکردنەکەی بۆ سەردەمی ئیلخانییەکان دەگەڕێتەوە و بەهۆی سروشتە جوان و دڵڕفێنەکەیەوە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو ناوچەیە دێتە ئەژمار.

هەر کام لە شارەکانی کوردستان، بەهۆی خاکی بەپیتیانەوە، خاوەن میوە و بەرهەمێکی تایبەتین و بووەتە بەشێک لە ناسنامەی ئەو شارانە کە ساڵانە بە شێوەی جیاواز و لە کاتی پێگەیشتنی ئەو بەرهەمانە، ڤێستیڤاڵی تایبەتی بۆ بەڕێوە دەبەن؛ لەوانە: "تووتفەرەنگیی ناوچەی ژاوەرۆی سنە، گێڵاسی شنۆ، ترێی ئالانەی سەردەشت، هەناری هەورامان" و چەندین نموونەی دیکە.