کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بانگەشە بۆ بەکارهێنانی تریاک دەکات

12:14 - 19 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگای دەستوپەیوەندییەکانی خۆیەوە، بانگەشە بۆ بەکارهێنانی تریاک دەکات تا خەڵکی ئێران زیاتر بە ماددە سڕکەرەکانەوە گیرۆدە بن.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووتەوە، ڕێژیمی ئێران تۆڕێکی تەبلیغاتیی پێکهێناوە کە بانگەشە بۆ بەکاربردنی تریاک و ماددە سڕکەرەکانی دیکە دەکات، تا لەو ڕێگایەوە بتوانێت لاوانی ئێران گیرۆدە بە ماددە سڕکەرەکانەوە بکات.

ڕێژیمی ئێران، لەو ڕێگایەوە دەیەوێت خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەم ماددە سڕکەرانەوە گیرۆدە بکات و تووشی تەوەهۆماتی مێشکیان بکات، تا بیر لە مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان نەکەنەوە.

بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم، زانیارییەکی چڕیان لەسەر فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەکان هەیە، بەڵام هیچ هەوڵێک بۆ بنەبڕکردن یان لانیکەم کەمکردنەوەی فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەکان نادەن، ئەمەش ئەم ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەکان، مۆرە و بەکرێگیراوانی خودی ڕێژیمن و دەستیان بۆ بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئاوەڵایە.

ئەوە لە حالێکدایە کە بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی خودی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژانە ٨ کەس بەهۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا، گیانیان لەدەست دەدەن .

هەروەها ڕێژەی تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکان، لە نێوان قوتابییان و منداڵانی کەمتەمەندا ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە پەرەسەندنە و ئەمە کۆمەڵگای ئێرانی تووشی قەیران کردووە و ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسیاری سەرەکیی دروستبوونی ئەم قەیرانە دەناسرێت.