کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم باوەڕی بە بەسیجییەکان لە کوردستان نییە

11:46 - 4 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە چەندین شاری کوردستان ڕێژیم داوای کردووە، کە بەسیجییەکان چەکەکانیان ڕادەستی ڕێژیم بکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسداران لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان و چەند شارێکی دیکەی کوردستان بە بیانووی سەرژمێری داوای لە بەسیجییەکانی ئەو شارانە کردووە، کە بە چەکەکانیانەوە سەردانی ناوەندی پێوەندیدار بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیم بەنیازە چەک لەو بەسیجییانە وەربگرێتەوە، کە باوەڕی پێیان نییە و پێی وایە لەم بارودۆخە هەستیاردا ئەم چەکانە لە دژی ڕێژیم بەکار دەهێنرێن.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، لە ڕاستای خراپتربوونی دۆخی ئابووری و سیاسییەکەی، هیچ باوەڕێکی بە بەسیجییە چەکدارەکانی لە کوردستاندا نییە، چونکە خۆشی باش دەزانێت زۆرێک لەوان لەبەر هەژاری و بێکاری چەکی خزمەت بە ڕێژیمیان هەڵگرتووە و ئەگەر بێتو ڕێژیم لە هێڵی لەنێوچوون نزیک بێتەوە و تووشی شەڕ بێت، نەک تەنیا ئەم بەسیجی و چەکدارانە پارێزگاری لە دەسەڵاتە سەرەڕۆییەکەی ناکەن، بەڵکوو ئەگەری ئەوەش هەیە کە دژ بەم ڕێژیمە چەکەکانیان بەکار بێنن.

هەرم لەم ڕاستادا و بەپێی هەواڵێکی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەگەڵ هەوڵی ئەستاندنەوەی چەک لە بەسیجییە کوردەکان لە لایەن ڕێژیمەوە، خەڵک لە شارەکانی کوردستان لە هەوڵی دابینکردنی چەکن، هەتا لە کاتی پێویستدا دژ بە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و داکۆکیی لە خۆیان بەکاری بێنن.