کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بودجەی خۆی لە گیرفانی خەڵکەوە دابین دەکات

12:20 - 4 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیم لە هەوڵدایە جێگرەوەیەک بۆ داهاتی نەوت بدۆزێتەوە و  وێدەچێت، گیرفانی خەڵکانی ئێران باشترین هەڵبژاردەی بێت.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوە لە ناوەندە هەواڵییەکانی سەر بە ڕێژیم، بەرپرسی ڕێکخراوی داهات و بودجەی نوێ، لە نوێترین پێشنیارەکانی بۆ بودجەی ساڵی ٩٩ و جێگرتنەوەی داهاتی نەوتی، پێشنیاری کردووە کە ماڵیات زیاتر بکرێت.

"محەممەد باقر نەوبەخت"، سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیمی ئێران لەمبارەوە بە یەکێک لە کەناڵەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە: "بۆ بودجەی ساڵی ٩٩ ماڵیاتەکان زیاد دەکەین و ئەو کەسانەش کە لە دانی ماڵیات بەخشرابوون، دەبێ ماڵیات بدەن، هەتا بتوانین قەرەبووی نەبوونی داهاتی نەوتەکانمان بکەینەوە".

لەمبارەوە "خالید دەرویژە"، بەرپرسی دەزگای دارایی حیزبی دێموکرات،  بە هەواڵنیری کوردستان میدیای ڕاگەیاند: "بە سەرنجدان بەوەیکە داهاتی ڕێژیم لە ڕێگای ماڵیاتەوە تەنیا ٢٠ لەسەد پێک دەهێنێت و لە حاڵێکدا ٧٠ لەسەدی داهاتی ڕێژیم لە ڕێگای نەوتەوە بووە، ئەم ڕێگایە ناتوانێت وەڵامدەری بودجەی ڕێژیمی ئێران بێت".

ناوبراو لە وەڵامی پرسیاری ئەوەیکە ئەم بڕیارەی ڕێژیم بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووری، دەتوانێت چ کاریگەرییەکی لەسەر خەڵکانی ئێران هەبێت ڕایگەیاند: "لە وەها حاڵەتێکدا کە ئێستا دەبینین، هێزی کڕینی دراوی ئێرانی ڕۆژبەڕۆژ دەچێتە سەرەوە و هێزی کڕین نەماوە، ئێستا کە داهات دەچێتە سەرەوە، تاک ناتوانێت پێویستییەکانی خۆی بەو شێوە کە هەیە دابینی بکات، لە ئاکامدا ئەو بەرهەمانەی لە نێو بازاڕەکاندان، داواکاریی لەسەر کەمتر دەبێت".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە درێژایی ماوەی دەسەڵاتی خۆی، هەمیشە بۆ گەیشتن بە ئامانجە گڵاو و تێرۆریستییەکانی خۆی، دەستی لە هیچ کردەوەیەک نەپاراستووە. ئێستا کە دەیهەوێت قەرەبووی داهاتی نەوتی خۆی لە ڕێگای زیادکردنی ماڵیات لەسەر خەڵک بکاتەوە، بۆ جارێکی دیکە خەڵک دەکاتەوە بە قوربانیی سیاسەتە تێکدەرانەکانی خۆی.