کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ لەنێوبردنی گیانلەبەرانی گۆلی زرێبار پیلانی نوێ بەکار دەبات

14:00 - 31 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە هاوردەکردنی جۆرێک ئاژەڵی ناخۆجێیی و بەرەڵاکردنی لە گۆلی زرێباردا، پیلانی نوێی بۆ لەنێوبردنی ئێکۆسیستمی کوردستانی لە بەرنامەدا هەیە.

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژیمی ئێران لە پیلانێکی نوێدا دژ بە سروشت و ژینگەی کوردستان، دووبارە زرێبار و ئەمجار گیانلەبەرانی ئەم گۆلەی کردووەتە ئامانج.

ڕێژیم بە هاوردەکردنی جۆرێک کیسەڵی ناخۆجێیی، بە ناوی "کیسەڵی گوێ سوور"، ویستوویەتی ئێکۆسیستمی زرێبار بخاتە مەترسییەکی جیددییەوە، بەڵام پیلانەکەی ئاشکرا بووە و ئەمجار سەرکەوتوو دەرنەچووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕایگەیاند: "پیلانەکەی ڕێژیم ئاشکرا بووە، وەکوو هەمیشە چەواشەکاریی کردووە و ئەم هەوڵەی لە کۆڵی کەسانێکی دیکە کردووە و ڕایشیگەیاندووە کە کەسانێکی بەرژەوەندیخواز وەها هەوڵێکیان داوە".

هەروەها زیادی کرد: "ئەم هەوڵەی ڕێژیم، یەکێک لە دەیان و سەدان هەوڵی ڕێژیمە بۆ لەنێوبردنی سروشت و ژینگەی کوردستان و ئەوەی کە ڕێژیم لەم کارەدا دەستی هەبووە، حاشاهەڵنەگرە".

"کیسەڵی گوێ سوور" جۆرێک کیسەڵی ناخۆجێییە و لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەم گیاندارە لە زرێباردا، کیسەڵەکان و گیانلەبەرانی دیکەی ئەم گۆلە بە بڵاوکردنەوەی جۆرێک "باکتێری" لەنێو دەبات و بەگشتی ئێکۆسیستم تێک دەدات.