کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، کەڵکاژۆ لە هونەرمەندان وەردەگرێت

12:37 - 19 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە بەناوهەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کەڵکاژۆ لە هونەرمەندان وەردەگرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ژمارەیەک له دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پڕوپاگەندە و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کەڵکاژۆ لە کەسایەتی و هونەرمەندانی خۆشناو دەکات.

لە ڕێوڕەسمێکدا کە بۆ یادی ساڵڕۆژی "سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی"، یەکێک لە هونەرمەندانی کورد بەڕێوە چووبوو، ڕێزیان لە هونەرمەندی ناوداری کورد "عەزیز شاڕوخ" گرتووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد: "ئەو ڕێوڕەسمە لە لایەن کتێبخانەی سەید ئاوای مەهابادەوە بەڕێوە چووە کە ئامانجی سەرەکیی ئەو ڕێوڕەسمە پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردنەکانی بەناو مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بووە".

لەو ڕێوڕەسمەدا، هونەرمەند "عەزیز شاڕوخ" بانگهێشت کرابوو کە ناوبراو دوای ئەوەیکە لە ئامانجی ئەو ڕێوڕەسمە ئاگادار کراوەتەوە، ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە.

هاوکات لەو ڕێوڕەسمەدا، کەسانی خۆشناوی دیکەش بەشدار بوونە، کە ناڕەزایەتییان دەربڕیوه.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا بە مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ و ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سەندووقەکانی بەناو دەنگدان، کەڵکاژۆ لە کەسایەتی و هونەرمەندانێک دەکات کە لەنێو خەڵکدا جێگە و پێگەیان هەیە.