کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە زۆری ڕەوایی بۆ خۆی پەیدا دەکات

11:23 - 25 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵێکی نوێدا بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی، فۆرم بڵاو دەکاتەوە کە ببنە ئەندامی حیزبی "ئیعتێداڵ و تەوسەعە".

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای فەرماندارییەکانی خۆیەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، فۆرمی بە شۆراکانی داوە کە دەبێ ببنە ئەندامی حیزبی "ئیعتێداڵ و تەوسەعە" (اعتدال و توسعە) کە خۆی دایمەزراندووە.

لەو فۆرمەدا هاتووە: "ئەگەر ئێوە ببنە ئەندامی ئەو حیزبە، ئێمەش جۆرە سیستمێکی وشککردنەوەی میوەتان پێ دەدەین و لە ڕێگایەوە هەلی کار لە گوندەکاندا بۆ لاوان دەڕەخسێت".

هاوکات ڕێژیم ڕایگەیاندووە: "هەر کەس نەبێتە ئەندامی ئەو حیزبە، ئەو سیستمەی وشککردنەوەی میوەی پێ نادرێت".

ئەو سیستمەی کە ڕێژیم بە خەڵکی دەدات، نرخەکەی ١٥ ملیۆن تمەنە.

ئێستا لە شاری "نەغەدە"، ڕێژیم ئەو فۆرمانەی بڵاو کردووەتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو ڕێگایەوە دەیهەوێت خەڵک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و هاوکات بە نەبوونی هەلی کار لە کوردستاندا کەڵکاژۆ لەو دۆخە وەردەگرێت کە خەڵکی کوردستان بەتایبەت لاوان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.