کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بەردەوامە لە تاڵانکردنی ئاوی کوردستان

12:45 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیم لە پرۆژەیەکی دیکەی گواستنەوەی ئاودا، ئاوی کوردستان بۆ تەورێز دەگوازێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، یەکێک دیکە لە پرۆژەکانی گواستنەوەی ئاوی کوردستان، ئەمجارە لە بۆکان کە لە لایەن قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسدارانەوە بەڕێوەبەری کراوە، بە ئامانجی گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ تەورێز بەرەو کۆتایی دەڕوات.

عبادوڵڵا عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیای ڕێژیم ڕایگەیاندووە: هێڵی گواستنەوەی ئاو لە بەنداوی" لەگزیـ"ـی سەقز، بۆ تەورێز بە دوو مەخزەنی ١٠ هەزار و ١٠٠ هەزار مێتری چوارگۆشە، بە درێژایی ١٥٠ کیلومێتر، ئەمساڵ بە کۆتایی دەگات.

ئەو بەنداوە کە لەسەر ڕووباری زەڕینە ڕوود ساز کراوە، نە تەنیا ئاوی بۆکان بەڵکوو شارەکانی سەقز و میاندواویش دەگرێتەوە، کە لە سەرچاوەی ئاوی ڕووزەوینی ئەو ناوچەیە بە ئەژمار دێت و ئەو شارانە مافیان بەسەر ئەو ئاوەوە هەیە ، بەڵام وەزارەتی وزەی ڕێژیم بەڵێنی دابوو، کە ٤٧ لەسەدی پاشەکەوتی ئاوی ئەو بەنداوە بۆ ئەو شارانە بێت، بەڵام لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوییەوە هەتا ئێستە جێبەجی نەبووە.

لە کاتی دەستپێکردنی ئەو پرۆژەیە هەتا ئێستە چالاکانی ژینگەیی و مەدەنی و خەڵک ئەو ناوچەیە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر گواستنەوی ئاوی بەنداوی لەگزی بۆ تەورێز دەردەبڕن و لە چەندین دەزگای ڕێژیم سکاڵایان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هەتا ئێستە بەئەنقەست وڵامی خەڵک نادەنەوە و لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانی، لە تاڵانکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان بەردەوامە.

دەیان بەنداو لە کوردستان لەسەر ڕووبارەکان لە لایەن ڕێژیم سازکراون بۆ گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ بیاوانەکانی ناوەندی ئێران، کە لە قەیرانی کەمئاویدان و ڕێژیم ژینگەی کوردستان دەکاتە قوربانی سیاسەتە فاشیستییەکانی بۆ ڕزگارکردنی ناوەندی ئێران لە دەست قەیرانی کەمئاوییەوە.