کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم سەرەتاییترین دەرمانەکان لە کوردستاندا دابین ناکات

12:33 - 23 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیم دەرمانەکانی تایبەت بە ژنانی دووگیان و منداڵان بە خەڵک نادات و لە نەخۆشخانەکاندا دەست ناکەون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زیاتر بۆ دوو ساڵ دەچێت کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نەخۆشخانەکانی کوردستاندا کۆمەڵێک دەرمانی سەرەتایی و تایبەت بە منداڵان و ژنانی دووگیانی وەک: "ڤیتامینەکان، حەب و قەترەی مۆڵتی" و چەند دەرمانێكی دیکە، کە دەبێ بەخۆڕایی بە نەخۆش بدرێت، نایدات و یاخود بە کەمی و بەشێوەیەکی سنووردار دەیدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەواڵنێری کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە: "لە کاتێکدا ئەم دەرمانانە لە هەموو شوێنێکدا بەخۆڕایین و لەسەر بنەمای پرۆگرامێکی جیهانی لە هەموو دنیادا ڕەچاو دەکرێن، بەڵام لە ئێراندا ئەمە بەو شێوەیە نەبووە و ئەم دەرمانانە کە لە لایەن ئیدارەی تەندروستیی ڕێژیمەوە بڵاو دەکرێنەوە، لە کوردستاندا زۆر کەم بوون و لە ئێستاشدا هەر نادرێن.

ئەم سەرچاوەیە لەبارەی پشکنینی ژنانی دووگیانەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو پشکنینانەی لە ناوەندی تاقیگەی سەر بە تەندروستیی ڕێژیم ئەنجام دەدران، بەهۆی هەڵەی زۆرەوە چیدیکە لە لایەن زۆربەی زۆری دوکتورەکانەوە قەبووڵ ناکرێن. لێرەدا ژنانی دووگیان ناچار دەبن ڕوو لە تاقیگە "غەیر دەوڵەتییەکان"  بکەن کە بەڕادەیەکی زۆر گرانن و بەشێکی زۆری نەخۆشەکان ناتوانن ئەو پشکنینانە ئەنجام بدەن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی ژنانی دووگیان و منداڵەکانیان دروست بکات.

لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان و ئێران بەدەست کەمی و نەبوونی سەرەتاییترین دەرمانەکان و پشکنینەکانەوە دەناڵێنن، ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران پێشکەوتووترین نەخۆشخانە و باشترین دەرمانەکان بۆ وڵاتانی ئافریقایی و گرووپە تێرۆریستییەکان دابین دەکات.