کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم شاری ئابادان فیدای بەسرە دەکات

12:34 - 2 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیم بە گواستنەوەی ئاوی ڕووباری کاروون بۆ بەسرەی عێراق، ئابادانی تووشی جیرەبەندی ئاو و قەیرانی کەمئاوی کردووە.

زیاتر لە یەک مانگە کە ئاوی خواردەمەنی شاری ئابادان سوێر بووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێکخراوی ئاو و ئاوەڕۆی ئابادان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەکارهێنانی ئاوی لەو شارەدا جیرەبەندی کردووە و هۆشداری بە خەڵکی داوە، کە بە پاشەکەوتکردن، ئاوی پێویستیان دابین بکەن.

ئەو کردەوەی ڕێژیم، بووەتە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕێنی چالاکانی مەدەنی و ژینگەییی ئابادان و تەنانەت خەڵکی ئەو شارە بە کۆبوونەوە لە بەردەم ئیدارەی ئابفای ئابادان، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر جیرەبەندی ئاو و گواستنەوەی ئاوی کاروون دەربڕی.

هەروەها، سوێری ئاو و کەمئاوی لە ئابادان بووەتە هۆی داخرانی کۆمەڵە کارخانەکانی پترۆشیمیی ئەو شارە و نەتەنیا بەرهەمهێنانی نامینێت، بەڵکوو زۆرکەس کە لەو کارخانانە کار دەکەن، بێکار دەبن.

لە حاڵێکدا کە ئابادان تووشی قەیرانی کەمئاوی و جیرەبەندی بووە، ڕێژیم پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی ڕووباری کاروون بۆ شاری بەسرەی عێراق جێبەجێ دەکات، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم ئەو هەواڵەیان رەت کردووەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، تەلەفزیۆنی عێراق لە دونیای مەجازیدا بە بڵاوکردنی فیلمێک، هەواڵی گواستنەوەی ئاوی کاروونی بۆ بەسرە پشتڕاست کردووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران کە هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئاوە لە ئێرانە، نەک هەوڵ بۆ چارەسەریی ئەو قیرانە نادات، بەڵکوو خەریکە ژینگەی ناوچەکانی جیاوازی ئێران، فیدای بیاوانەکانی ناوەندیی ئێران و سیاسەتەکانی لە ناوچەکە دەکات.