کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە چالاکیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات، ترسی لێ نیشتووە

12:49 - 11 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە چالاکییەکانی خەڵکی خەباتکاری کوردستان تۆقیوە و بەرپرس و مۆرەکانی، ڕاستەوخۆ و بەئاشکرا، دروشمە شۆڕشگێرانەکان دەسڕنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی گەلاوێژ، بەرپرسی ئیتلاعاتی شاری سەقز کە لە چالاکییەکانی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارەدا ئەژنۆی وەلەرزین کەوتووە، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ و بە ڕۆژی ڕووناک و لە شوێنە جیاوازەکانی شاردا، دەستی کردووە بە سڕینەوەی دروشم و چالاکییە تەبلیغییەکان.

ئەو شوێنانەی کە بەرپرسی ڕیسوای ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەقز، چالاکیی بوێرانی دێموکراتی لێ سڕیوەتەوە، بریتین لە: "مەیدانی مامۆستا هێمن، دیواری شیرکەتی نەوت و پارکی منداڵ".

ئەوە یەکەم جار نییە کە دەستوپەیوەندی و مۆرەکانی ڕێژیم هێرش دەکەنە سەر چالاکیی تەبلیغیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات. هەروەها ئەنجامدانی ئەو کارە لە لایەن بەرپرسی یەکەمی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، بە مانای داماوی و لاوازیی ئەو ڕێژیمەیە لە بەرانبەر چالاکییەکانی خەڵکی مافخوازی کوردستانەوە.