کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کوردستاندا لە ئاوی لێڵ ماسی دەگرێت

21:59 - 15 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری چوونی مەڕداران بۆ کوێستانەکان، ڕێژیم لە نێوان مەڕدارانی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ کێشە و بشێوی ساز دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە بەرەبەری وەرزی هەوار و بردنی مەڕ و ماڵات بۆ کوێستانەکانی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، کۆمەڵێک کەسی هەلپەرەست کە خۆیان بە کوێخا و دەمڕاستی خەڵک دەزانن، گوشار دەخەنە سەر خەڵک و داوای پارەیان لێ دەکەن و خۆیان بە خاوەنی ئەو کوێستان و لەوەڕگانە دەزانن و دەیانەوێت ئەو شوێنە گشتییانە داگیر بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاند، هەڵسوکەوتی ئەو کەسە بەرژەوەندیخوازانە لە حاڵێکدایە، کە ئەو لەوەڕگانە موڵکی گشتیی خەڵکن و کەس بۆی نییە خۆی بە خاوەنیان بزانێت، بەڵکوو هەموو مەڕدارەکان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو موڵک و شوێنە گشتییانەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لەوە کرد، لەو نێوانەدا ڕێژیم لە جیاتی ئەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان خەڵک چارەسەر بکات، هەوڵ دەدات کێشەکان قووڵتر بکاتەوە و تەنانەت خەڵک بە ئاستێکی تەنگەژەیی بگەیەنێت، هەتا بە پیلانە نگریسەکانی خۆی بگات و هەر دوو لایەن لە بەرانبەر یەکتردا چەکدار بکات، هەتا لە کاتی خۆیدا بە دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بەکاریان بێنێت.

ئەم لەوەڕگانە لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ی هەتاویدا، لە لایەن حیزبەوە لە نێوان مەڕدارانی ناوچەی مەرگەوەڕ دابەش کرابوون و هیچ کێشەیەک لەو بارەوە ڕووی نەدابوو، هەتا ئەوەی کە لەم ساڵانەی دواییدا بە دەستێوەردانی ڕێژیم هێندێ کەسی نەفس نزم و بەرژەوەندیخواز لەسەر هەوارەکانی کانی شینکان و دەوروبەری، دەستیان داوەتە دووبەرەکی ساز کردن لە نێوان گوندەکانی "کانی قایر، گردوان، ژاراوێ، کانی دەستار و فلکان" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ.

بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتەی کە بە دەستی کوردستان میدیا گەیشتووە، لە لایەن ئەم کەسە بەرژەوەندیخوازانە کە شوناسیان بۆ کوردستان میدیا ناسراوە، هەوڵ دەدرێت ئەم کێشە و دووبەرەکییانە قووڵتر بکرێتەوە.

بەم بۆنەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، داوا لەو گوندانە دەکات، کە نەکەونە دوای هەلپەرەستان و بەرژەوەندیی تاکەکەسی و هەوڵ بدەن هەر وەک ساڵانی ڕابردوو برایانە پێکەوە لەو هەوارانە کەڵک وەربگرن و هەموو ناکۆکییەک وەلا بنێن.

هەروەها داوا لە ڕیش سپییەکان، مامۆستایانی ئایینی و ڕووناکبیران دەکات، کە چارەسەری کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان خەڵک بکەن و ڕێگا مەدەن ڕێژیم بە ئاواتەکانی خۆی واتە کوشتنی ڕۆڵەکانی کورد بە دەستی یەکتر بگات، لە هەمان کات لەو کەسانەی کە تەنیا لە بیری بەرژەوەندی خۆیانن، داوا دەکەین نەبنە دارەدەستی دوژمنان و هۆکاری کوشتنی ڕۆڵەکانی کورد بە دەستی یەکتر.

لە وەها کاتێکدا حیزب ناتوانێ بێلایەن بێت و بە شێوازی خۆی هۆکار و کەسە پێوەندیدارەکان بەو کێشە و ئاڵۆزییانە بە خەڵک دەناسێنێ.