کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم، نوێترین مەرجەکانی بۆ سزادانی منداڵان بڵاو کردەوە

13:10 - 3 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، مەرجە نوێیەکانی بۆ سزادانی منداڵان و قوتابییان، لە ناوەندە بەناو پەروەردە و فێرکەرییەکانی وڵاتی ئێران بڵاو کردووەتەوە.

شێوازەکانی سزادان، بەپێی ئەم لیستە، هەرچەندە باسێک لە سزادانی فیزیکی نەکراوە، بەڵام هێشتاش دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان یاخود قوتابی بەجێ بهێڵێت، ئەویش لە کاتێکدا کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو و ڕۆژاواییدا هەر چەشنە سزادانێکی منداڵ بەپێی یاسا قەدەغەکراوە.

ڕاگەیاندنی ئەم جۆرە سزایانە بە شێوەیەکی فەرمی، دەتوانێت ڕێگە خۆشکەرێک بێت لە بەردەم مامۆستایاندا بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان بەرامبەر بە منداڵان، کە لە ڕابردوودا کارەساتی دڵتەزێنی، وەک گیانلەدەسدانی منداڵ یاخود کەم ئەندامبوونی لێكەوتووەتەوە.

لەمبارەوە، "شنە دروودگەر"، ڕاوێژکاری دەروونیی قوتابییان، لەبارەی گرینگیی ڕەچاوکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مامۆستا و ناوەندەکانی فێرکاری و کاریگەریی توندوتیژی لەسەر منداڵان بە هەواڵنێری کوردستان میدیای ڕاگەیاند:" زۆر گرینگە ڕەفتار و هەڵسوکەوت لەبەرچاو بگیردرێت. دەبینیت لەنێو بنەماڵە بە شێوەیەکی هێمنانە ڕەفتاری لەگەڵدا کراوە و بەو شێوەیە چاوەڕوانیی هەیە کە لە قوتابخانەشدا ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت. بەداخەوە لە ئێراندا، ئەو یاسایانە دەبێتە هۆکار تاکوو ئەو منداڵانە بە جۆرێکی دیکە چاو لە خوێندنگە بکەن و هەر لە سەرەتاوە ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ دروست دەبێت".

هەروەها ناوبراو، لە درێژەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، کە ئایا لە چوارچێوەی بوونی توندوتیژی لە قوتابخانەدا منداڵ دەتوانێت وەک ماڵی دووەمی خۆی چاوی لێ بکات، وتی: "نەخێر. بێگومان، کاتێک دەبینێت لەنێو ئەو کۆمەڵگادا توندوتیژی بەکار دەهێنرێت، ئەو منداڵە خوێندنی لەبەرچاو دەکەوێت و تەنانەت هەندێک جاریش واز لە خوێندن دەهێنێت".