کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەوڵی بە زۆر داخستنی دووکان و بازاڕەکان لە کوردستان دەدات

12:00 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وەک پەرچەکردارێک لەهەمبەر مانگرتنی سەرانسەری ٢١ی خەرمانانی کوردستان، ڕێژیم زەختی خستووەتە سەر دووکاندار و بازاڕییانی کوردستان تاکوو لە ڕۆژانی "تاسوعا" و "عاشورا"دا دووکانەکانیان دابخەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی ڕابردوو هێزە لیباس شەخسی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیم لە شاری سەقز بە گوشارهێنان بۆ دووکانداران، هەوڵیان داوە بازاڕەکانی ئەم شارە دابخەن.

بەپێی ئەم هەواڵە بازاڕییان ئامادە نەبوون بڕیاری ناوەندە داپڵۆسێنەرەکان جێبەجێ بکەن و وڵامی هەڕەشەکانیان نەداونەتەوە؛ ئەم هەوڵەی ڕێژیم لە شاری سەقز هاوکات بووە لەگەڵ میلیتاریزەکردنی فەزای نێو شار بۆ سازکردنی جەوی ترساندن و تۆقاندن کە لەگەڵ گاڵتەجاڕی خەڵک و بەتایبەت لاوان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

لەمبارەوە چەند ڕۆژ پێش ئێستا "کاوە ئاهەنگەری" چالاکی سیاسی و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بێلژیک لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیدا ئاماژەی بەم کردەوەی کۆماری ئیسلامی کردووە و وتوویەتی: "ئامانجی ڕێژیم لەم کارە چەند خاڵی سەرەکییە، یەکەم پڕوپاگەندە بۆ ڕێژیم و سەپاندنی چەشنێک لە ڕەوایی بۆ ڕێژیم بەتایبەت لە بەشە سووننی نشینەکانی کوردستان، دووهەم چەشنێک لە وەڵامدانەوە بە مانگرتنی گشتی و بەربڵاوی چوارشەممەی ڕابردووی کوردستان کە بە بانگەوازی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەنجام درا و سێهەم وەشاندنی زەبری ئابووریی لە بازاڕییانی کورد لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان.