کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم گەڵاڵەی کڕینەوەی خزمەتی سەربازی دەخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە

14:23 - 19 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە هۆی نەبوونی بوودجەی هێزە چەکدارەکانی خۆیان، بەنیازن گەڵاڵەی کڕێنەوەی خزمەتی سەربازی پەسەند بکەن.

"کەماڵ دێهقانی"، جێگری کۆمسیۆنی ئەمنییەتیی ڕێژیم لە مەجلیسدا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا" باسی لەوە کردووه، بە هۆی کەمیی بوودجەی ساڵی ٩٨ی هەتاوی، لەسەر پێشنیاری نوێنەرانی مەجلیس ئێمە گەڵاڵەی کڕینەوەی خزمەتی سەربازی جێبەجێ دەکەین.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: دەوڵەت لە بوودجەی ساڵی ١٣٩٨دا، گەڵاڵەی غەرامەی ڕیاڵیی سەربازی لابردووە و ئەوەش بۆ کەمبوونەوەی داهاتی هێزە چەکدارەکان دەگەڕێتەوە.

کڕینەوەی خزمەتی سەربازی خۆی کێشەی دروست کردووە، لەبەر ئەوەی کە چینی دەوڵەمەندی کۆمەڵگا دەتوانن کوڕەکانیان لە دەست خزمەتی زۆرەملێی سەربازی ڕزگار بکەن.

محەممەدباقر نەوبەخت، سەرۆکی دەزگای بەرنامە و بوودجەی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز، لە ئاخاوتنێکدا کە دواتر لە لایەن هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمەوە سڕدرایەوە، لە دژکردەوە لە هەمبەر ناڕەزایەتیی کەمئەندامان بۆ کەمبوونەوەی بوودجەکەیان بۆ ساڵی داهاتوو ڕایگەیاند، کە داهاتی وڵات بۆ یەک لەسەر سێ کەمی کردووە.

بە وتەی نەوبەخت، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران گەیشتووەتە یەک و نیو میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا؛ هەروەها وتوویەتی: "سەرچاوەکانی داهاتمان سنووردار و کەمن، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە پاش گەمارۆوەکانی ئامریکا کەمی کردووە، بۆیە سروشتییە کە ناڕەزایەتیی لە نێو چین و توێژەکان دروست بێت، بەڵام هیچ رێگایەکی دیکەش نییە".