کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران دۆسییەی میکۆنووس وەبیر وڵاتانی عەرەبی دێنێتەوە

14:56 - 15 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ڕێژیمی تیرۆریستیی ئیسلامیی ئێران، دوای هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەمەڕ پچڕاندنی پێوەندییە دیپلۆماتیک و ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران، هۆشداری دا کە ئەو وڵاتانە داماویی ئورووپاییەکانیان دوای دۆسیەی میکۆنووس لە بیر نەچێتەوە.

هەواڵدەریی مێهری سەر بە سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا دوای ئەوەیکە وڵاتانی عەرەبی لەمەڕ هێرشی دڕندانەی گۆپاڵ بەدەستەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر باڵوێزخانەی عەربستانی سعودی لە تاران و مەشهەد، هەڵوێستی توندیان گرت و پێوەندییە دیپلۆماتیک و ئابوورییەکانیان پچراند، هۆشداری دایە ئەو وڵاتانە کە دۆسییەی میکۆنووس‌ لەبیر نەکەن.

دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران، بە تیرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان مەحکووم کران، وڵاتانی ئورووپایی باڵوێزەکانیان لە تاران کشاندەوە و پێوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران بۆ ماوەیەک هەڵپەسارد.

ئەمە لەحالێکدایە، کشانەوەی باڵوێزە ئورووپاییەکان بە وتەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم یەکێک لە قەیران و پێکۆڵە سەرەکییەکانی ئەو کاتی ڕیژیم بوو، کە خودی ڕیژیمی ناچار کرد بۆ ڕازی کردنی ئورووپاییەکان و گەڕانەوەیان بۆ تاران، شانۆیەک بە ناوی چاکسازیی وەڕێخەن کە لە ئەنجامدا سەرۆک کۆماریی محەممەدی خاتەمیی لێ‏کەوتەوە.

لە تیرۆری میکۆنووس‌دا، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، هاشمیی ڕەفسەنجانی سەرکۆماری ئەو کاتی ڕێژیم، عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعات و عەلی‌ئەکبەری ویلایەتی بە بکەرانی ئەو تیرۆره ناسێندران.

ڕێکه‌وتی ٢٦ی خه‌رمانانی ١٣٧١ی هه‌تاوی (١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ی زایینی) له‌ پەلامارێکی تیرۆریستیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سه‌ر ڕێستوورانی میکۆنووس له‌ شاری بێرلینی ئاڵمان، دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکرات له‌گه‌ڵ فه‌تاح عه‌بدولی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب و هومایون ئه‌رده‌ڵان شه‌هید کران.