کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ڕقی خۆی بەسەر دارستانەکان هەڵدەڕێژێت

12:01 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسداران بە شێوەی سیستماتیک و لە ڕێگای مۆرەکانی خۆیەوە و هەروەها بەڕێوەبردنی مانۆڕی سەربازیی لە کوردستانی ڕۆژهەلات، لێرەوار و لەوەڕگەکان لە ئاگردا دەسووتێنێت.

ڕۆژەکانی پینجشەممە و هەینی، ڕێکەوتی ٢٢ و ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دوو ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی سەر بە پارێزگای کرماشان ڕوویان دا، کە لەو ئاگرگرتنانە نزیک بە ٦٠ هێکتار لە لێرەوار و دارستانەکانی گوندی کڵاوە سەر بە شارستانی سەرپیڵی‌زەهاو و هەروەها ٢٠ هێکتار لە لێرەوارەکانی شاری گێڵان زیانێکی یەکجار زۆریان پێ گەیشت.

بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی شاری گێڵان، لە ماوەی ٢ساڵی رابردوودا ٨٠٠ هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاکامی ٧٥ ئاگرکەوتنەوە سووتاون و زیاتر لە ٤ و نیو میلیارد تمەن خەساری بە ژینگەی ئەو شارە گەیاندووە.

لە لایەکی دیکەدا، دوێنێ هەینی ٢٣ی خەرمانان، پاش چوار شەو و ڕۆژ، ژینگەپارێزانی خۆبەخش توانیان ئاگری دارستانەکانی دەرەوەران، سەر بە شارستانی مەریوان کونترۆڵ بکەن.

هەر لەم پیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٤ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەممەد پەژووهی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا گیانیان لەدەست دا.

بەپێی نوێترین هەواڵەکان، ژینگەپارێزانی کوردستان پاش شەهیدبوونی ئەو ٤  ژینگەپارێزە لە دارستانەکانی کوردستان، بە دروشمەکانی "باجوەر ڕێگات درێژەی هەیە" و "بیری سەوزمان رێبەرمانە"، خۆبەخشانە بەسیج دەبن، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کوردستان کە زۆربەی‎ هەرەزۆریان لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و بەتایبەت سپای پاسدارانەوە بەر دەبێتە گیانی ژینگەی کوردستان و ڕقی خۆیان بەسەر ژینگەدا هەڵدەڕێژن.

چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە شکستی ڕێژیم بە نیسبەت نانەوەی دووبەرەکیی لە نێوان خەڵکی کوردستاندا، بووەتە هۆی ڕقێکی پەنگخواردووی ڕێژیم بە نیسبەت کورد و کوردستان کە بەردەوام ئەو ڕقە بەسەر ژینگەی کوردستاندا هەڵدەڕێژێت.