کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیران دیسان ڕێکۆردی یەکەمی پشتیوانی لە تێرۆریزمی لە جیهاندا بە دەست هێنا

10:42 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران، سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان دایە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە بارەی تێرۆریزم بڵاوی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران وەک هەمیشە یەکەم ڕێژیمی پشتیوانی تێرۆریزمە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە ڕێژیمی ئێران چالاکییەک تێرۆریستییەکانی خۆی لە ڕێگای سپای قودس و گرووپە تێرۆریستییەکان درێژە پێ دەدات.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزی قودس پشتیوانی لە گرووپە جۆراجۆرەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باشووری ئاسیا و میلیشیا شیعەکان دەکات و بۆ شەڕ ڕەوانە وڵاتی درواسێ یەک لەوانە سووریەیان دەکات.

لەو راپۆرتەدا باس لە سپیکردنەوەی پارە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کراوه کە ڕێژیمی ئێران لەو ڕێگایە یارمەتی ماڵی گرووپە تێرۆریستییەکان دەدات.

هەناردەکردنی چەکوچۆڵ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ شەڕی نیابەتی لە وڵاتی دراوسێدا بەشێکی دیکە لە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانه.
لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٦ی زایینیش، ڕێژیمی ئێران یەکەم ڕێژیم بووە بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان سەربازەکان بە کرێ دەگرێت هەتا پەیوەست به میلیشیا شیعەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بن و پشتیوانیان لێ دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، ساڵی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە؛ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە توندی پشتگیریی لە لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە هەموو جیهاندا کردووە و تەنانەت بوونی خۆی لە ئەفریقا بەهێزتر کردووە.