کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوامە لە چەواشەکاری

12:58 - 7 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە نوێترین چەواشەکاریی خۆیدا ڕایەگەیاندووە کە لە ئەم ساڵدا زیاتر لە ٥٠ دەرگیریی نیزامی لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکاندا ڕوویان داوە.

پاسدار "محەممەد پاکپوور"، فەرماندەی هێزە زەمینی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە نوێترین لێدوانی چەواشەکارانەی خۆیدا لەگەڵ هەواڵدەریی "فارس"، سەر بە ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ئەمساڵدا لە کوردستان و ناوچە سنوورییەکان، زیاتر لە ٥٠ دەرگیریی نیزامی ڕوویان داوە و زیاتر لە ٥٠٠ پایەگای نیزامییان لە ناوچە سنوورییەکان دروست کردووە و ڕێگایەک بۆ هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیان بۆ نێو خاکی ئەو جوغرافیایەی کە پێی دەڵێن ئێران نەهێشتووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ورەی هێز و ئەندامانی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسە دوور لە ڕاستییەکانی ڕایگەیاندووە کە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات، ١٠٠ پێشمەرگە و ڕێبەری حیزبی دێموکراتیان شەهید کردووە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا، بۆ دەرخستنی ڕاستی و دروستیی قسەکانی ناوبراو، لێدوانێکی لەگەڵ "کاوە بەهرامی"، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەنجام دا.

ناوبراو لەم بارەوە، ڕایگەیاند: "ئەم قسانە کۆمەڵێک پڕوپاگەندەن بۆ تەقویەتی هێزەکانی خۆیان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە. ئەم فەرماندە نیزامییە لەلایەکەوە باس لەوەدەکات کە لە ئەمساڵەوە ئێمە ٥٠ عەمەلیاتمان ئەنجام داوە و لە لایەکی دیکەوە لە سەرەتاوە باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ڕابردوودا ٥٠٠ پایەگامان لە سەرتاسەری کوردستاندا دروستکردووە و کوردستان ناوچەگەلێکی ئەمنە و ئێستا هیچ كێشەیەکی نیزامیمان لە ناوچەکەدا نییە، ئەوەش پارادۆکسێکە لە نێوان قسەکانیانەوە. دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە ورەی هێزەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە".

"بەهرامی" لەبارەی ئاماری شەهیدەکانەوە ڕایگەیاند: "حیزبی دێموکرات بە هیچ شێوەیەک شەهید و برینداری خۆی ناشارێتەوە و لەگەڵ خەڵکی خۆی ڕاستگۆیە، هەر ئەوەندە تەڵەفات هەبووە کە ئێمە و لایەنەکانی دیکە ڕامانگەیاندووە".

لە کۆتاییشدا، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبارەی ورەی هێزی پێشمەرگەوە وتی: "ئەم ساڵ بەتایبەتی و لە چاو ساڵەکانی ڕابردوو، ورەی پێشمەرگەکانمان بەرزتر بووە و کچان و کوڕانی کوردستانیش زیاتر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە پەیوەست بوون".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەرپرس و فەرماندەکانی، هەرجارە و بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و شاردنەوەی شکست و دۆڕانەکانی خۆیان، قسەی دوور لە ڕاست و چەواشەکاریی سەیر و سەمەرە بڵاو دەکەنەوە کە هەر زوو هەوڵەکانیان دبنەوە بڵقی سەر ئاو.