کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەسکەوتەکانی بۆ کوردستان

19:02 - 4 پووشپەڕ 2719

بێهزاد قادری

باسکردن لەوەی کە لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چ دەسکەوتگەلێکی بۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەبووە، باسێکی نوێ نییە و خەڵکی کوردستان بەگشتی لە دۆخەکە ئاگادارن و لە لووتکەی بێزاریدان و ئێمەش لەم بابەتەدا نامانەوێت باسە کۆنەکان بێنینە گۆڕێ و تەنیا باس لە دواهەمین ڕاپۆرتەکانی دیاریی ڕێژیم بۆ خەڵکی کوردستان دەکەین. دیاریگەلێک کە گەندەڵترین دەوڵەتی جیهان و باوکی تێرۆریستانی جیهان، لە ئاکامی داگیرکردنی کوردستان بە هێز و زەبر، بۆ ئەم خاکە و نەتەوەیە، هەیەتی.

هەر لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، چەندین هەواڵ و ڕاپۆرت بڵاو کراوەتەوە کە بە ڕوونی نابەرپرسیاریەتیی ڕێژیم لەهەمبەر کوردستان و هەوڵەکانی بە دژی کورد پیشان دەدات کە ئاماژە بە چەند بابەتیان دەکەین:

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، خەڵکی گوندی "دربکە" و کرێکارانی کارخانەی قەندی پیرانشار، بە هۆی کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانی شاری پیرانشار لەو نزیکانە، ناڕەزایەتییان دەربڕی و  لە هەمبەر ئەم کارە نابەرپرسانەی بەرپرسانی ڕێژیم، مانیان گرت. ئەم زبڵ و خاشاکە کە چەند ساڵێکە لە نزیکیی ئەم گوند و  کارخانەیە کۆ دەکرێنەوە، خەڵکی ئەم دەڤەرەی تووشی کێشە و نەخۆشی کردووە و هەناسەکێشانی خەڵکی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووەتەوە. هەر بەم هۆیەوە، ناڕازییان بە ماوەی چەند کاتژمێرێک، پێشیان بە هاتوچۆی ماشینەکانی شارەداری گرتووە و نەیانهێشتووە کە زبڵ و خاشاکەکان لەو شوێنەدا هەڵڕێژن. هەرچەندە لە لایەن بەخشداری و فەرمانداریی شاری پیرانشار، بەڵێنیی داپۆشین و بنگڵکردنی ئەم زبڵانە بە ناڕازییان دراوە، بەڵام ئەمە یەکەمجار نییە کە وادەی بێبنەمای وا دەدەن، بەڵکوو چەندین ساڵە ئەم بەڵێنانە دەدەن و قەت جێبەجێیان نەکردوون.

کێشەی زبڵ و دووبارە بەرهەمهێنانەوەیان، یەکێک لە کێشە گەورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و لە زۆرینەی زۆری شارەکانی کوردستاندا بەدی دەکرێت. وێڕای ئەوەی کە لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا، بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی زبڵەکان هەم هەلی کار بۆ خەڵک دەڕەخسێنن و هەم بەر بە پیسبوونی ژینگە دەگرن و دەیان قازانجی دیکە، لە کوردستاندا زبڵەکان دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە و نەخۆشکردنی خەڵک و دەیان مەترسیی تریان بۆ خەڵک خولقاندووە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لەم ماوەیەدا، خەڵکی شاری شنۆ، بە هۆی نەبردنی زبڵ و پاشماوەکانیان لە لایەن شارەداریی ئەم شارەوە و مانەوە لەنێو زبڵدانەکاندا، بە دانانی وێنەی زبڵدانە پڕ لە زبڵەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیبوو. هەروەها ئەگەرچی خەڵکی شنۆ نیگەرانی ئەم دۆخە نالەبارەی شارەکەیان بوون، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لە شارەداریی ئەم شارەدا، خۆیان مات و بێدەنگ کردبوو و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیەیان نەدەدا.

لە لایەکی دیکەوە و لە شوێنێکی تری کوردستاندا، خەڵک لە کەرەستەی یاریکردنی ستاندارد بێبەرین و خۆیان و منداڵەکانیان گیانیان لە مەترسیدایە و دەبێ لە لووتکەی ترسدا، خوشحاڵی بکەن! زیاتر لە ٢ لە سەر ٣ی شاری یارییەکانی پارێزگای کرماشان، مۆڵەتی ستانداردی کەرەستەکانی یاریپێکردنیان نییە، کە ئەمە هەڕەشە بۆ گیانی بەکارهێنەران و بەتایبەت منداڵان بەئەژمار دێت. بە واتایەکی تر، لە ١٤ شاری یاریی ئەم پارێزگایە، تەنیا ٤یان مۆڵەتی ستانداردیان هەیە و ستاندارکردنەوەی ئەم شوێنانەش لە ئەستۆی شارەدارییەکانە.

دابینکردنی ستاندارد لە شوێنە گشتییەکانی وەک پارک و شاری یاری، ئەرکی سەرەکیی بەرپرسانی ئەو شوێنانە و هەروەها بەرپرسانی چاوەدێری بە سەر بەڕێوەچوونی ستانداردەکانە، چونکە کەمتەرخەمی لەم بوارەدا دەتوانێت ڕوداوگەلێکی ناخۆش و لەبیرنەکراو بە دوای خۆیدا بێنێت، بەتایبەت کە منداڵانیش لەم بوارەدا قوربانیانی سەرەکین، کە لەم پێوەندییەدا دەکرێت ئاماژه بە گیانلەدەستدانی مێرمنداڵیک لە "پارکی کوودەکی" شاری سنه لە جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا بکرێت کە بە هۆی نەبوونی ستاندارد و بەربوونەوە لە کەرەستەی یاریی ئەو پارکە، گیانی لەدەست دا.

ئەمانە هەموو لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە، ئاخوند "محەمەدتەقی مێسباح یەزدی"، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ شارەداریی شاری قومدا ڕایگەیاندبوو: "لەگەڵ چەند قات بوونەوەی هەوڵەکانی دوژمن، دەرکەوتووە کە چەند هەوڵێک هەن بۆ ئەوەی پەرە بە گەندەڵی بدرێت. یەکێک لەوانە پارکەکان کە مایەی گەندەڵین". ئەم قسەیەی ئاخوندێکی ڕێژیم زۆر جێگای سەرسووڕمان نییە، چونکە جگە لەوە، چاوەڕوانییەکی تریان لێ ناکرێت. قسەی ئەم ئاخوندەی سەر بە ڕێژیم لە کاتێکدایە کە بوونی فەزای سەوز لە شارەکاندا، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دەروونی خەڵک دادەنێت و هەروەها بۆ پاکڕاگرتنی هەوای شارەکانیش پێویستە و لێرە دەگەین بەو ئاکامەی کە نەبوونی پارک و فەزای سەوزی گونجاو لە شارەکانی کوردستاندا، بۆ ئەم شێوازە بیرکردنەوە دواکەوتووانە و هەروەها ئاوەدان نەکردنەوەی شوێنی نیشتەجێی کوردان دەگەڕێتەوە. هەروەها دەردەکەوێت کە لە دیدی بەرپرسانی ڕێژیمەوە، هەرجۆرە هۆکارێک بۆ ئارامکردنەوە و کاتبەسەربردنی هاووڵاتیان بە هۆکاری زیادبوونی گەندەڵی دەزانن و ڕێگریی لێ دەکەن.

لە گۆشەیەکی تردا، بە هۆکاری قەیران و گوشارە نێوخۆییەکانی وڵاتی ئێران، خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان، پارەی نەخۆشخانەیان نییە و ڕێژیمیش هیچ ئاوڕێک لەو خەڵکە ناداتەوە. بە شێوەیەک کە گرتە ڤیدیۆیەک، خەڵکی کوردستانی تەزاند! بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆیە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، پیاوێکی بەساڵاچوو لە نەخۆشخانەی "تەوحید"ـی شاری سنە، بە هۆکاری نەبوونی پارەی نەخۆشخانە و کڕینی دەوا و دەرمانی نەخۆشییەکەی، بە شێویەکی بێڕێزانە لە لایەن فەرمانبەرانی ئەو نەخۆشخانەوە بە ماشین براوەتە نێو جادە و لە خەڵوەتاییەکدا بەجێیان هێشتووە. گوشارەکانی سەر خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەیشتووەتە ئاستێک کە جیا لەوەی کە پارەی کڕینی دەوا و دەرمانەکانیان نییە، بەڵکوو تەنانەت پارەی سەردانی نەخۆشانە و ناوەندە دەرمانییەکانیان نییە و بەم هۆیەشەوە یان لە تەندروستی خۆیان دەبێ بێئاگا بن یان لە نەخۆشخانەکان بیانکەنە دەرەوە.

لە لایەکی دیکەوە و لە جادەکانی کوردستاندا، ئەڕابەکانی مەرگ، هەڕەشە لە گیانی خەڵک و ژینگەی کوردستان دەکەن و لە بەرامبەریشدا، هیچ خێرێکیان بۆ کوردستان نییە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا، ١٠ حاڵەتی وەرگەڕانی تانکری مادەی نەوتی لە پارێزگای سنەدا ڕووی داوە، کە زیاترینیشیان  لە ڕێگای سنە ـ مەریواندا بووە؛ هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی ئەم جۆرە ڕووداوانە کە پێشتریش لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها لە بەنداوی قشڵاخی شاری سنەش ڕوویان داوە، بۆ تەسک بوون و ناستاندارد بوونی جادەکان، ترافیکی زۆر و هەروەها کێشە لە ژێرخانەکاندا دەگەڕێتەوە، هەرچەند کە زۆرکەس پێیان وایە کە ئەمانە کردەوەگەلێکی بەئەنقەستن کە لە لایەن خودی ڕێژەمەوە ئەنجام دەدرێن تاکوو جۆرەکانی نەخۆشی لە کوردستان زیاد بکەنەوە و هەروەها بە ئارامی خەڵک لەنێو ببەن. مازووت یان نەوتی کوورە، یەکێک لە هیدرۆکەربۆنە نەوتییەکانە کە پاش پاڵاوتنی نەوتی خاو دروست دەبێت و ڕەنگێکی ڕەشی هەیە بۆیە پێی دەوترێت نەوتی ڕەش کە تێکەڵبوونی لەنێو ئاودا تەندروستیی مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش دەخاتە مەترسییەوە.

تەنانەت چیا و دارستانەکانی کوردستانیش بە دەستی ڕێژیمی ئێرانەوە، لە ئارامیدا بەسەر نابەن! لەم بارودۆخەی ئێستاشدا، ڕێژیم لە ڕێگای هێزە سەرکوتکەرەکانی و بەتایبەت سپای تێرۆریستی پاسداران، جیا لەوەی کە سەرجەم سامان و سەرچاوەکانی کوردستان بەتاڵان دەبات، پیلانی کاولکاری و تاڵان و وێرانکردنی سروشت، ژینگە و دارستانەکانی زاگرۆسی لە بەرنامەدایە و تەنانەت لە مەزرا و باخاتی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانیش دەستپارێزی ناکەن و بە بیانووی هەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بیانووگەلێکی تر، بە بەڕێوەبردنی مانۆڕە شانۆییەکان و بە هاندانی جاشە خۆفرۆشەکان دارەکانی دارستانەکانی زاگرۆس دەبڕن و بۆ پارێزگا و شارەکانی ناوەندیی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەگوازنەوە و دواتر ئاگر لە دارستان و ژینگە و سروشتی ناوچەکانی کوردستان بەردەدەن و زۆرجاریش مەزرا و باخاتی خەڵکی کوردستانیش کراونەتە قوربانیی ئەم پیلانە.

ئەمانە و هەزاران هەزار کێشە و کۆسپ و سووکایەتی و بێڕێزیی تر، دیاریی ڕێژیمی ئێرانە بۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەر کام بۆ خۆی، باسێکی تێر و تەسەلی پێویستە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.