کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بازاڕی ئابووریی سووریەی لەدەست داوە

11:13 - 24 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وێڕای هەموو ئەو تێچووانەی کە ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا خەرجی کردوون، ئێستاکە ئابووریی سووریە لە دەستی ئێراندا نەماوە و وڵاتانی دیکە ئابووریی ئەم وڵاتەیان بە دەستەوە گرتووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەپێچەوانەی هەموو ئەو پارەیەی کە لە سووریەدا خەرجی کردووە، بازاڕی ئابووریی ئەم وڵاتەی لەدەست داوە و ئێستاکە وڵاتانی ئیمارات، چین و ڕووسیە ئابووریی ئەم وڵاتەیان بە دەستەوە گرتووە.

"کەیوان کاشفی"، بەرپرسی کۆمیتەی بازرگانیی ڕێژیمی ئێران و سووریە، لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: "ئێران لە سووریەدا تەنانەت یەک باڵوێزی ئابووریی نییە و بازاڕی ئابووریی ئەم وڵاتەی لەدەست داوە و بازاڕەکەی ڕادەستی ئیمارات، چین و ڕووسیە کردووە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "دەستڕۆیشتوویی ئابووریی تورکیە سەرەڕای دژایەتیی توندی سیاسی لەگەڵ ڕێژیمی سووریە، لە بواری ئابوورییەوە، زیاتر لە ئێرانە".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، تێچوویەکی زۆری بۆ شەڕی سووریە و "بەشار ئەسەد" خەرج کردووە، بەڵام بەهۆی لاوازیی ئابووری، هیچ باڵوێزێکی بازرگانیی لە سووریەدا نییە.

لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریەوە، ڕێژیمی ئێران لە بواری ئابوورییەوە، ملیۆنها دۆلار پارەی لە بەیتولماڵی ئەم وڵاتە خەرج کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوە و پرۆژەگەلی ئاوەدانی و ئەندازیارییەوە لە خاکی سووریەدا ئەم پارەیە دەگەڕێننەوە بۆ ئێران، بەڵام ئێستاکە ڕێژیمی ئێران بازاڕی ئابووریی سووریەی لەدەست داوە.