کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ١٠ بنکە و ناوەندی مەزهەبی لە دانی ماڵیات بەخشی

11:45 - 20 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی کاروباری ماڵیاتی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا، لیستەی ١٠ ناوەند و بنکەی مەزهەبی ئاشکرا کرد، کە لە دانی ماڵیات بەخشراون. ئەم ١٠ ناوەندە نزیک بە ٧ هەزار میلیارد تمەن بوودجه لە دەوڵەتی ئێران وەردەگرن.

ڕێکخراوی کاروباری ماڵیاتی ڕێژیمی ئێران، بە ڕاگەیاندنی ١٠ بنکە و ناوەندی مەزهەبی، لە دانی ماڵیاتی ساڵانەیان چاوپۆشی کرد.

ئەم بنکانە بریتین: بونیادی موستەزعەفانی ئینقلابی ئیسلامی، ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام، بونیادی شەهید، کۆمیتەی ئێمداد، سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی، دەفتەری تەبلیغاتی ئیسلامیی حەوزەی علمییەی قوم و چەند بنکەیەکی دیکەی ڕێژیم.

ڕاگەیاندنی ئەم ناونانە بۆ بەخشینی ماڵیاتەکەیان لە حاڵێکدایە، کە ساڵی ڕابردووش، لە پێوەندی لەگەڵ بەخشینی ماڵیاتی هەندێ ناوەندی نزیک به ڕێبەری ڕێژیم، ناڕەزایەتی زۆر هاتە ئاراوە.

هەموو ناوەندە بەخشراوەکان لەو ناوەندانەن، کە نزیک و بەستراوە بە خودی ڕێژیمی ئێرانن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە شارە جیاوازەکاندا، پارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوە خەڵکییەکان و ئێن.جی.ئۆوەکان وەکوو ماڵیات وەردەگرێت.

ئیسلامی و مەزهەبیبوونی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە لایەن سەرانی ئەم ڕێژیمە، پێداویستییەکانی خۆشبژێوی بۆ مۆرەکانیان لە بەرچاو بگیردرێت و هەموو خزمەتگوزارییەکان و بوودجه بەرچاوەکان بەوان بدرێت.