کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ ئەمنییەتی کەنداو مەرج دادەنێت

12:35 - 21 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی هێزی دەریایی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند کە ڕێژیم کاتێک ئەمنییەتی گەرووی هورمۆز دابین دەکات کە نەوتی خۆی هەناردە بکات.

"عەلی ڕەزا تەنگسیری"،  لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی خەبەریی "ئەلمەیادین"، ئامریکا و بریتانیای بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی کە لە کەنداودا حوزووریان هەبێت، سێناریۆی جیاواز دادەڕێژن.

ئەو فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە هەمبەر حوزووری ئیسرائیل لە ئاوەکانی کەنداودا هۆشداریی بە ئامریکا و بریتانیا داوە کە بەرپرسایەتییەکەی لەسەر شانی ئەو دوو وڵاتەیە.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: "هەر کاتێک بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بیانهەوێت، دەتوانن هەر کەشتییەک، تەنانەت ئەگەر هی ئامریکا یان بریتانیاش بێت، دەستی بەسەردا بگرن".

لە چەند مانگی ڕابردوودا، دوای هێرش کردنەسەر چەند نەوتکێشێک لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عوماندا و هەروەها دەسبەسەرداگرتنی نەوتکێشێکی بریتانیایی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، گرژییەکان لە ناوچەی کەنداودا پەرەی گرتووە.

ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ئامریکای هێناوەتەسەر ئەو باوەڕە کە بۆ پاراستنی ڕێڕەوەکانی هاتوچۆی کەشتییە ڕۆژئاواییەکان، هێزێکی دەریایی فرەنەتەوە پێک بهێنێت و هەتا ئیستا چەندین وڵاتی وەکوو: "بریتانیا، ئیسرائیل و کۆرەی باشوور و..." پێوەست بەم هاوپەیمانیەتییە بوونە.