کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە هێرشکردن بۆ سەر کرێکاران، وڵامی داخوازییەکانیان دەداتەوە

12:10 - 18 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: کرێکارانی ناڕازی کە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ ئەوەیکە هیچ وڵامێکیان پێ بدرێتەوە، بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێن.

کرێکارانی شیرکەتی ''ئازەر ئاب''ی ئەراک، لە ٥ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا، لە هەمبەر نەبوونی ئەمنیەتی کاری، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و دۆخی سەهامداران و هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەم شیرکەتە، لە حاڵی مانگەرتندان.

ئەم کرێکارانە کە ژمارەیان دەگاتە نزیک ٢ هەزار کەس، تا ئێستا مووچەی مانگەکانی گەڵاوێژ و خەرمانانیان وەرنەگرتووە و بەنیسبەت شێوەی بەڕێوەبەریی ئەم کارخانەیە، ناڕزایەتییان دەربڕیوە.

بە دەستپێکی مانگرتن و کۆبونەوەی ناڕزایەتیی کرێکاران لە دەوروبەری کارخانەی ئازەرئاب، هێزەکانی ئینتزامی و پۆلیسی دژە شۆرش لەوێ ئامادە بوون و دەرگای چوونە دەرەوەی ئەم کارخانەیان داخست و ڕێگایان بە کرێکاران ندا کە لەم کارخانەیە بچنە دەرەوە و لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دراوە.

هەروەها لە پارێزگای خوزستاندا، ١٤ کرێکاری شیرکەتی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری حەوت تەپە، لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

دەسبەسەرکردنی کرێکارانی شیرکەتی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری حەوت تەپە لە حاڵێکدا ڕووی داوە کە ئەم کرێکارانە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە بۆ جارێکی تر ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر دەرکردنی بەبێ هۆی زیاتر لە ٢٠ کرێکار دەربڕیبوو.  

کرێکاران لە ئێراندا، بە مانگرتن و کۆبوونەوە، بۆ دەستەبەرکردنی مافە سێنفییەکانی خۆیان هەوڵ دەدەن، بەڵام لە بەرانبەردا، بەبێ هیچ وڵامێک لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە، بەهۆی داواکردنی مافەکانی خۆیان، دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە دەکرێن.